سنووری سەردەشت؛ کۆڵبەرێکی گەنج لەلایەن سوپای پاسدارانەوە بە دۆشکا کوژرا

٢٠ بانەمەڕ ٢٧٢٤، ٢١:٥٩

هەنگاو؛ پێنجشەممە ٢٠ی بانەمەڕی ٢٧٢٤

کۆڵبەرێکی گەنجی خەڵکی شارۆچکەی ڕەبەت بە ناوی سالار ئەحمەدی لە کاتی کۆڵبەری و لە نێو سنووری هەرێمی کوردستان لەلایەن هێزەکانی سوپای پاسدارانەوە بە چەکی قورس تەقەی لێ کراوە و کوژرا.

بەگوێرەی هەواڵی گەیشتوو بە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، ڕۆژی پێنجشەممە ٢٠ی بانەمەڕی ٢٧٢٤ (٩ی مەی ٢٠٢٤) هێزەکانی سوپای پاسداران کە لە سنووری سەردەشت جێگیرکراون، بە چەکی دۆشکا تەقەیان لە ژمارەیەک کۆڵبەر کردووە و کۆڵبەرێک بە ناوی سالار ئەحمەدی دەستبەجێ کوژراوە. ئەم کۆڵبەرانە لە نێو خاکی هەرێمی کوردستان بوون.

بە وتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار، سالار ئەحمەدی تەمەن ٢٣ ساڵ و خەڵکی گوندی (نەڵاس) سەر بە شارۆچکەی ڕەبەت لە سەردەشت و تا ئێستا تەرمەکەی بۆ سەردەشت نەگەڕێندراوەتەوە.

بە پشت بەستن بە ئاماری تۆمارکراو لە ناوەندی ئامار و بەڵگەنامەکانی ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، لە سەرەتایی مانگی مەی تا ئێستا (ماوەی ٩ ڕۆژ) لانی کەم پێنج ڕۆژ کۆڵبەری کورد لە سنوورەکانی بانە، سەقز و سەردەشت بە تەقەی ڕاستەوخۆی هێزە چەکدارەکانی ئێران کوژراون.


زیاتر بخوێننەوە لەم بارەوە