کۆژرانی کۆڵبەرانی کورد درێژەی هەیە/ هەرزانتربوونی ژیان لە نان لە کوردستاندا

١٢ خەزەڵوەر ٢٧١٦، ٢٣:٠٣
هەنگاو: لەدرێژەی کوژرانی کۆڵبەرانی کورد بەهۆی تەقەی ڕاستەوخۆی هێزەکانی ڕێژیمی ئێران، کۆڵبەرێکی دیکەی کورد کوژرا. بەپێی ڕاپۆرتی ماڵپەڕی مافی مرۆڤیی "هەنگاو"، ڕۆژی سێشەممە ١١ی خەزەڵوەری ساڵی ١٣٩٥ی هەتاوی، کۆڵبەرێکی دیکەی کورد بەهۆی تەقەی ڕاستەوخۆی هێزە چه‌كداره‌كانی ڕژیمی ئێران لە سنووری سەردەشت گیانی لێ ئەستێندرا. بەپێی هەواڵی گەییشتوو، ناسنامەی ئەم کۆڵبەرە کوردە، عوسمان حوسێنی خەڵکی گوندی مەکڵاوەی ڕەبەت ڕاگەیەندراوە. هەر لەم پێوەندییەدا و لە هەمان ڕۆژدا، کۆڵبەرێکی دیکەی کورد بە ناوی عوسمان عەزیزی، کوڕی کەریم، دانیشتووی دەرماناوێ و باوکی دوو منداڵ کە هاوژینی ژنێکی تووشبوو بە شێرپەنجە بوو، لە سنووری سەردەشت تەقەی لێکراوە و گیانی لەدەست داوە. بەهۆی بێکاری و نەبوونی پیشە لە کوردستاندا هاووڵاتییانی کورد ناچار دەبن ڕوو بکەنە پیشەی کۆڵبەری و سینگیان بکەنە قەڵغانی گولـلەی هێزە نیزامییەکانی ڕێژیمی ئێران تاکوو بتوانن بژیوی خۆیان و بنەماڵەکانیان دابین بکەن. مانگانە بە دەیان کۆڵبەری کورد دەکەونە بەر دەستڕێژی گولـلەی هێزە سەرکوتکەر و دژەمرۆڤییەکانی ڕێژیمی ئێران و گیانیان لێ دەستێندرێت.

زیاتر بخوێننەوە لەم بارەوە