کوشتاری بەکۆمەڵی کۆڵبەرانی کورد لە مەریوان

١٠ سەرماوەز ٢٧١٦، ٠٠:٥٦
هەنگاو: تەقەی ڕاستەوخۆی هێزەکانی ڕێژیمی  ئێران، کوژران و برینداربوونی ٥ کۆڵبەری کوردی لێکەوتەوە. بەپێی ڕاپۆرتی گەییشتوو بە ماڵپەڕی مافی مرۆڤیی "هەنگاو"، ئەمڕۆ سێشەممە ڕێکەوتی ٩ی سەرماوەز، هێزەکانی هەنگی سنووریی سوپای پاسدارانی ڕێژیمی ئێران، کاروانێکی کۆڵبەرانی کوردیان لە ناوچە سنوورییەکانی مەریوان کردە ئامانجی تەقەی ڕاستەوخۆ و لە ئاکامدا کوژراو و برینداری لێکەوتەوە. چوار کۆڵبەری کورد پاش بەرکەوتنی گولـلەی هێزەدژەگەلییەکانی سوپای پاسداران بریندار و هەروەها کۆڵبەرێکی دیکەش گیانی لەدەستدا. ناسنامەی ئەو کۆڵبەرەی کە بۆ بژیویی ژیان ڕووی لە سنوورەکان کردبوو و ئەمڕۆ کرایە ئامانجی هێزە نیزامییەکانی ڕژیمی ئێران و گیانی لەدەستدا، کەماڵ بامەرز  تەمەن ٢٧ساڵ ڕاگەیەنراوە. ناسنامەی ئەو چوار کۆڵبەرەکەی دیکە تاوەکوو ئێستا بۆ هەواڵنێری هەنگاو ڕوون نەبووەتەوە بەڵام ناوبراو لە شاری مەریوانەوە باس لە دۆخی تەندروستیی ئەو چوار کۆڵبەرە بریندارە دەکات. هەواڵنێری هەنگاو ڕایگەیاند کە بەپێی ئەو زانیارییانەی دەستی کەوتوون، یەکێک لەو کۆڵبەرە بریندارانە بەهۆی ئەوەی کە لە لای سینگەوە گولـلەی بەرکەوتووە دۆخی جەستەیی ناجێگیرە و گوازراتەوە نەخۆشخانەی شاری سنە. هەروەها ئەو سێ کۆڵبەرەکەی دیکەش لە نەخۆشخانەی بووعەلیی مەریوان لەژێر چاوەدێریی پزیشکیدان. بەپێی ئاماری تۆمارکراوە لە ناوەندی ئاماری ماڵپەڕی مافی مرۆڤیی هەنگاو، لە سەرەتای وەرزی پاییزی ئەمساڵەوە تاوەکوو ئێستا، ٧ کۆڵبەری کورد گیانیان لێ ئەستێندراوە.

زیاتر بخوێننەوە لەم بارەوە