لێدانی دڕندانە و بێڕێزیکردنی هێزە حکوومەتییەکان بە کۆڵبەرێک لە سنووری بانە

کۆمەڵێک لە هێزە چەکدارەکانی حکوومەت لە سنووری هەنگەژاڵی شاری بانە پەلاماری کۆڵبەرێکیان داوە و بە شێوەیەکی دڕندانە لێیان داوە و بێڕێزییان پێ کردووە.

٢٩ گەلاوێژ ٢٧٢٣، ١٧:٥٨


هەنگاو: یەکشەممە، ٢٩ی گەلاوێژی ٢٧٢٣

کۆمەڵێک لە هێزە چەکدارەکانی حکوومەت لە سنووری هەنگەژاڵی شاری بانە پەلاماری کۆڵبەرێکیان داوە و بە شێوەیەکی دڕندانە لێیان داوە و بێڕێزییان پێ کردووە.

بەپێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو؛ ئێوارەی ڕۆژی شەممە، ٢٨ی گەلاوێژی ٢٧٢٣ (١٩ی ئاگۆستی ٢٠٢٣)، کۆڵبەرێک کە بە هۆکاری ئەمنییەتی ناوەکەی لای هەنگاو پارێزراوە، لە سنووری هەنگەژاڵی شاری بانە کەتووەتە بەر پەلاماری دڕندانەی هێزە چەکدارەکانی حکومەتی ئێران و لێیان داوە و بێڕێزییەکی زۆریان پێ کردووە.

بەگوێرەی زانیاریی سەرچاوە ئاگادارەکان، گوشارەکانی هێزە حکوومەتییەکان بۆ سەر کۆڵبەران لە سنووری بانە و بەتایبەتی لە ناوچەی هەنگەژاڵ زۆر چڕوپڕتر بووە و هێزە چەکدارەکانی حکوومەت جگە لە تەقەکردن لە کۆڵبەران، پەلاماری ئەو کاسبکارانەش دەدەن و بە شێوەیەکی دڕندانە و بێڕێزانە لێیان دەدەن.

هەر لەو پەیوەندییەدا، ئەرسەلان ڕەسووڵی، تەمەن ٢٩ ساڵ و کۆڵبەری خەڵکی شاری سەردەشت، یەکشەممەی ڕابردوو بە تەقەی ڕاستەوخۆی ئەو هێزانە لە سنووری هەنگەژاڵ گیانی لەدەست دا.
 


زیاتر بخوێننەوە لەم بارەوە