برینداربوونی کۆڵبەرێکی دیکە بە تەقەی ڕاستەوخۆی هێزە چەکدارەکانی ئێران لە سنووری بانە

هێزە چەکدارەکانی ئێران لە سنووری شاری بانە ڕاستەوخۆ تەقەیان لە کاروانێکی کۆڵبەران کردووە و بەم هۆیەشەوە کۆڵبەرێکی دیکە بە ناوی بارزان ناسراو ب

١٧ خەزەڵوەر ٢٧٢٣، ٢٢:٤٤

 

هەنگاو: چوارشەممە، ١٧ی خەزەڵوەری ٢٧٢٣

هێزە چەکدارەکانی ئێران لە سنووری شاری بانە ڕاستەوخۆ تەقەیان لە کاروانێکی کۆڵبەران کردووە و بەم هۆیەشەوە کۆڵبەرێکی دیکە بە ناوی بارزان ناسراو بە "بارزان نانەوا" بە سەختی بریندار بووە.

بەپێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو؛ شەوی چوارشەممە، ١٧ی خەزەڵوەری ٢٧٢٣ (٨ی نۆڤەمبەری ٢٠٢٣)، کۆڵبەرێک بە ناوی بارزان (ناوبانگی هێشتا بۆ هەنگاو ڕوون نەبووەتەوە) و خەڵکی شاری بانە، بە تەقەی ڕاستەوخۆی هێزە چەکدارەکانی ئێران لە سنووری "هەنگەژاڵ"ی ئەو شارە، بە سەختی بریندار بووە.

بە وتەی سەرچاوە ئاگادارەکان، ئەو کۆڵبەرە بە تەقەی ڕاستەوخۆی هێزە چەکدارەکانی ئێران بە سەختی بریندار بووە و هەنووکەش دۆخی تەندروستیی ناوبرا ناجێگیرە.

بەپێی زانیارییەکانی هەنگاو، ئەو کۆڵبەرە بریندارە بەهۆی قووڵیی برینەکانی و بە مەبەستی تیمارکردن و چارەسەریی پزیشکی، بۆ ناوەندێکی پزیشکیی شاری بانە گواستراوەتەوە.


زیاتر بخوێننەوە لەم بارەوە