برینداربوونی پێنج کۆڵبەر لە سنووری شاری بانە

لە ماوەی چەند ڕۆژی ڕابردوودا، لانی کەم پێنج کۆڵبەری خەڵکی شارەکانی سنە، سەقز و بانە لە کاتی کۆڵبەری لە سنووری هەنگەژاڵی بانە، بە تەقەی ڕاستەوخۆی هێ

٢٠ خەزەڵوەر ٢٧٢٣، ١٢:٢١

 

هەنگاو: شەممە، ٢٠ی خەزەڵوەری ٢٧٢٣

لە ماوەی چەند ڕۆژی ڕابردوودا، لانی کەم پێنج کۆڵبەری خەڵکی شارەکانی سنە، سەقز و بانە لە کاتی کۆڵبەری لە سنووری هەنگەژاڵی بانە، بە تەقەی ڕاستەوخۆی هێزە چەکدارەکانی ئێران بەسەختی بریندار بوون و یەکێکیشیان بە ناوی کامەران بە مەبەستی تیمارکردن و چارەسەریی پزیشکی، بۆ ناوەندە دەرمانییەکانی شاری تەورێز گواستراوەتەوە.

بەپێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو؛ شەوی پێنجشەممە، ١٨ی خەزەڵوەری ٢٧٢٣ (٩ی نۆڤەمبەری ٢٠٢٣)، هێزە چەکدارەکانی ئێران لە سنووری هەنگەژاڵی بانە تەقەیان لە کۆمەڵێک کۆڵبەر کردووە و لەئەنجامدا کۆڵبەرێک بە ناوی کامران ڕەحیمی خەڵکی شاری بانە، بەسەختی بریندار بووە.

بە وتەی سەرچاوەکانی هەنگاو، کامران ڕەحیمی خێزاندارە و باوکی دوو منداڵە و چاوی پێکراوە و بۆ چارەسەریی پزیشکی ڕەوانەی ناوەندە دەرمانییەکانی تەورێز کراوە.

هەروەها ڕۆژی دووشەممە، ١٦ی خەزەڵوەر، دوو کۆڵبەری دیکە بە ناوەکانی هادی و زانکۆ کە هەردووکیان خەڵکی شاری سەقز و کۆڵبەرێکی خەڵکی شاری سنە بە ناوی محەممەد (ناوبانگیان هێشتا بۆ هەنگاو ڕوون نەبووەتەوە)لەگەڵ کۆڵبەرێکی دیکەی خەڵکی شاری سەقز کە تاکوو ئێستا ناسنامەی بۆ هەنگاو ڕوون نەبووەتەوە، بە تەقەی ڕاستەوخۆی هێزە چەکدارەکانی ئێران لە سنووری هەنگەژاڵی بانە بریندار بوون.

شایانی باسە کە بە گوللەی شەڕ تەقە لەو کۆڵبەرانە کراوە و کەمەر، ڕان، باسک و قۆڵی ئەم چوار کۆڵبەرە پێکراوە و بەسەختی بریندار بوون و دواتر بە مەبەستی تیمارکردن و چارەسەریی پزیشکی، بۆ نەخۆشخانەی سەلاحەدین ئەیووبی لە شاری بانە گواستراونەتەوە.


زیاتر بخوێننەوە لەم بارەوە