کوژران و برینداربوونی لانی کەم ٤٣ کۆڵبەر لە سنووری بانە دوای دوو حەفتە لە سەردانەکەی ڕەئیسی

دوای سەردانی ئیبراهیم ڕەئیسی، سەرۆککۆماری کۆماری ئیسلامیی ئێران بۆ شاری بانە، دەستڕێژ لە کۆڵبەران لەلایەن هێزە چەکدارەکانی ئێرانەوە زیادی کردووە.

٢٧ خەزەڵوەر ٢٧٢٣، ١٠:٢٥

 

هەنگاو: شەممە، ٢٧ی خەزەڵوەری ٢٧٢٣

دوای سەردانی ئیبراهیم ڕەئیسی، سەرۆککۆماری کۆماری ئیسلامیی ئێران بۆ شاری بانە، دەستڕێژ لە کۆڵبەران لەلایەن هێزە چەکدارەکانی ئێرانەوە زیادی کردووە. بە برینداربوونی شەش کۆڵبەری دیکە، تەنیا لە ماوەی دوو حەفتەدا لانی کەم ٣ کۆڵبەر کوژراون و ٤٠ کۆڵبەری دیکەش بریندار بوون. لە زۆربەی حاڵەتەکاندا سەروان (پلەدارێکی سەربازیی ئێران) مەهدی محەممەدی، بڕیاری داوە تەقە لە کۆڵبەران بکرێت.

بەپێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو؛ شەوی هەینی، ٢٦ی خەزەڵوەری ٢٧٢٣ (١٧ی نۆڤەمبەری ٢٠٢٣)، فەرزاد حوسێنی، کۆڵبەرێکی تەمەن ١٧ ساڵ و خەڵکی گوندی "ئالیار"ی سەر بە شاری سەقز، بە تەقەی ڕاستەوخۆی هێزە چەکدارەکانی ئێران لە سنووری "هەنگەژاڵ"ی بانە بریندار بووە.

هەر لەو شەودا حەمیدڕەزا حافیزی، تەمەن ١٨ ساڵ، خەڵکی شاری سەقز و سولەیمان ئەمینی، تەمەن ٢٨ ساڵ و خەڵکی شاری بانە، بە تەقەی ئەو هێزانە هەر لەو سنوورە بریندار بوون و بەهۆی قووڵیی برینەکانیانەوە بۆ ناوەندە دەرمانییەکان گواسترانەتەوە.

پێشتریش، واتە شەوی چوارشەممە، ٢٤ی خەزەڵوەر، بارزان عوسمانی، کۆڵبەرێکی مێرمنداڵی تەمەن ١٧ ساڵ و خەڵکی شاری سەقز، بە تەقەی ڕاستەوخۆی هێزە چەکدارەکانی ئێران دیسان لە سنووری هەنگەژاڵ بریندار بووە. ئەم مێرمنداڵە کۆڵبەرە کە بە چەکی ساچمەیی سەر و مل و شانی پێکراوە و بریندار بوو، بە مەبەستی تیمارکردن و چارەسەریی پزیشکی بۆ ناوەندە دەرمانییەکان گواسترایەوە.

هەروەها دیاکۆ ڕەمەزانی، تەمەن ٢٥ ساڵ، خەڵکی شاری سەقز و حامید محەممەدزادە، تەمەن ٢٢ ساڵ و خەڵکی گوندی "ئالیار"ی سەر بەو شارە، هەمان شەو لە سنووری هەنگەژاڵ بە تەقەی ڕاستەوخۆی ئەو هێزانە بریندار بوون. هەنووکەش باس لەوە دەکرێت کە باری تەندروستیی حامید محەممەدزادە ناجێگیرە.

بەپشتبەستن بە ئاماری تۆمارکراو لە ناوەندی ئامار و بەڵگەنامەکانی ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو؛ لە ماوەی دوو حەفتەی ڕابردوودا (دوای سەردانی ئیبراهیم ڕەئیسی بۆ بانە)، لانی کەم ٣ کۆڵبەر لە سنوورەکانی شاری بانە بە تەقەی ڕاستەوخۆی هێزە چەکدارەکانی ئێران کوژراون و بە برینداربوونی ئەو چەند کۆڵبەرەی ئەم دوایییانەوە، لانی کەم ٤٠ کۆڵبەریش بریندار بوون.

سەرچاوەکانی هەنگاو لە بانە ڕایانگەیاندووە؛ بکەر و بڕیاردەری کوشتنی سیستەماتیکی کۆڵبەران لە سنوورەکانی شاری بانە لە ماوەی چەند ڕۆژی ڕابردوودا، کەسێکە بە ناوی سەروان مەهدی محەممەدی، فەرماندەری بنکەی هێزە چەکدارەکانی ئێران لە کەلەگۆممی نەنۆڕ و هەنگەژاڵ کە لە زۆربەی حاڵەتەکاندا فەرمانی تەقەکردن و دەستڕێژی بۆ سەر کۆڵبەران داوە و تەنانەت لە هەندێک حاڵەتیشدا خۆی دەستڕێژی لە کۆڵبەران کردووە.


زیاتر بخوێننەوە لەم بارەوە