کوژرانی کۆڵبەرێکی تەمەن ١٧ ساڵ لە سنووری بانە بە تەقەی هێزە چەکدارەکانی ئێران

کۆڵبەرێکی مێرمنداڵی تەمەن ١٧ ساڵ و خەڵکی شارۆچکەی ڕەبەت بە ناوی فارووق عەلیزادە، بە تەقەی ڕاستەوخۆی هێزە چەکدارەکانی ئێران لە سنووری هەنگەژاڵی بانە کوژرا.

٥ سەرماوەز ٢٧٢٣، ١٠:١١

 

هەنگاو: یەکشەممە، ٥ی سەرماوەزی ٢٧٢٣

کۆڵبەرێکی مێرمنداڵی تەمەن ١٧ ساڵ و خەڵکی شارۆچکەی ڕەبەت بە ناوی فارووق عەلیزادە، بە تەقەی ڕاستەوخۆی هێزە چەکدارەکانی ئێران لە سنووری هەنگەژاڵی بانە کوژرا.

بەپێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو؛ کاتژمێر ٢ی بەرەبەیانیی ئەمڕۆ یەکشەممە، ٥ی سەرماوەزی ٢٧٢٣ (٢٦ی نۆڤەمبەری ٢٠٢٣)، کۆڵبەرێکی مێرمنداڵ بە ناوی فارووق عەلیزادە، تەمەن ١٧ ساڵ و خەڵکی گوندی "گەنمان"ی شارۆچکەی ڕەبەت سەر بە شاری سەردەشت، بە تەقەی ڕاستەوخۆی هێزە چەکدارەکانی ئێران لە سنوور هەنگەژاڵی بانە کوژراوە.

بە وتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار، ئەو کۆڵبەرە لە کاتی کۆڵبەریدا بە چەکی ساچمەیی ڕاستەوخۆی لەلایەن هێزە چەکدارەکانی ئێرانەوە تەقە لەسەری کراوە و بەم هۆیەشەوە دەستبەجێ گیانی لەدەست داوە.

بەپشتبەستن بە ئاماری تۆمارکراو لە ناوەندی ئامار و بەڵگەنامەکانی ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو؛ لە ماوەی دوو مانگی ڕابردوودا لانی کەم ٧ کۆڵبەر لە سنوورەکانی شاری بانە بە تەقەی ڕاستەوخۆی هێزە چەکدارەکانی ئێران کوژراون. هەروەها لە مانگی ڕابردووشدا (مانگی خەزەڵوەر) لانی کەم ١٠ کۆڵبەری منداڵ لە سنوورەکانی کوردستان بریندار بوون کە ٨ منداڵیان بە تەقەی ڕاستەوخۆی هێزە چەکدارەکانی ئێران لە سنووری هەنگەژاڵ بریندار بوون.


زیاتر بخوێننەوە لەم بارەوە