ڕاپۆرتی تایبەتی هەنگاو لەسەر کوژرانی ١٦ کۆڵبەر لە سنووری بانە

لە سەرەتای ساڵی هەتاوییەوە تاکوو ئێستا، لە ماوەی ٨ مانگ و چوار ڕۆژدا، ١٦ کۆڵبەر کە یەکێکیان منداڵێکی تەمەن ١٧ ساڵە بە ناوی فارووق عەلیزادە خەڵکی شارۆچکەی

٨ سەرماوەز ٢٧٢٣، ٢٢:٣٩

 

هەنگاو؛ چوارشەممە ٨ی سەرماوەزی ٢٧٢٣

لە سەرەتای ساڵی هەتاوییەوە تاکوو ئێستا، لە ماوەی ٨ مانگ و چوار ڕۆژدا، ١٦ کۆڵبەر کە یەکێکیان منداڵێکی تەمەن ١٧ ساڵە بە ناوی فارووق عەلیزادە خەڵکی شارۆچکەی ڕەبەت، لە سنوورەکانی شاری بانە کوژراون. هەروەها لە سەرەتایی پاییزەوە واتە لە ماوەی (٧٠) ڕۆژدا لانی کەم ٨٢ کۆڵبەریش بە تەقەی ڕاستەوخۆی هێزەکانی کۆماری ئیسلامی ئێران لە سنووری شاری بانە بریندار بوون.

بەپشت بەستن بە ئاماری تۆمارکراو لە ناوەندی ئامار و بەڵگەنامەکانی ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، لە ماوەی ٢٥٠ ڕۆژدا لە ٢ی خاکەلێوە هەتا ٥ی خەزەڵوەری ٢٧٢٣، لانی کەم ١٦ کۆڵبەر لە سنووری بانە کوژراون. دوو کەسیان بە ناوەکانی، ڕەسووڵ گاگەشی، باوکی ٥ منداڵ و خەڵکی شاری سەردەشت و محەممەد لەتیف ئەحمەدپوور، کۆڵبەری تەمەن ٢٦ ساڵە و خەڵکی شاری بانە و باوکی منداڵێک، بە ئۆتۆمبێلی هێزە چەکدارەکانی ئێران کراوەتە ژێر و چواردە حاڵەتی دیکەش بە تەقەی ڕاستەوخۆی هێزە چەکدارەکانی کوژراون. هەروەها لە ماوەی ٧٠ ڕۆژی ڕابردوودا لانی کەم ٨٢ کۆڵبەر لە سنوورەکانی شارۆچکەی بانە بە تەقەی ڕاستەوخۆی هێزە چەکدارەکانی ئێران بریندار بوون.

ئەم ڕاپۆرتە دەریدەخات کە لە ماوەی ٣٤ ڕۆژی کۆتایی ئەم ساڵدا کوشتنی کۆڵبەران لە سنووری بانە زیادی کردووە، هەروەها ٦ کۆڵبەر لە کۆی ئەم ١٦ کۆڵبەرە، بە تەقەی ڕاستەوخۆی هێزە چەکدارەکانی ئێران کوژراون لەو یەک مانگەدا کوژراون.

بەدواداچونەکانی هەنگاو دەریدەخات کە مەهدی واحیدی، فەرماندە و مستەفا مورادی، جێگری فەرماندەی هێزە چەکدارەکانی کۆماری ئیسلامی ئێران لە سنووری شاری بانە لە کوردستان، دەستیان هەبووە لە تەقە کردن لە کۆڵبەران. بە پێی زانیارییەکان، ئەم دوو کاربەدەستە لە چەند حاڵەتدا لە تاوانی کوشتنی کۆڵبەراندا بەشدار بوون.

کۆڵبەران ساڵانە لە سنوورەکانی کوردستان بە هۆی بەربوونەوە لە بەرزایەکانەوە، لە سەرما ڕەقهەڵاتن، هاتنی ڕەنوو، تەقەی ڕاستەوخۆ و لێدان و توندوتیژی لەلایەن هێزە چەکدارەکانی کۆماری ئیسلامی ئێران دەکوژرێن و بریندار دەبن. هەروەها بەشێکی دیکە لە کۆڵبەران بە هۆکاری هەڵگرتنی کۆڵی قورس بۆ بەرزاییەکان، تووشی نەخۆشی درێژخایەن دەبن وەک نەخۆشی بڕبڕەی پشت و جۆمگەکان کە ئامارێکی دیاریکراو لەسەر ئەم بابەتە لە بەر دەستدا نییە.

هەنگاو پێشتریش کورتە ڤیدیۆیەکی لەم بارەیەوە بڵاو کردبووەوە کە تێیدا هێزە چەکدارەکانی کۆماری ئیسلامی سەرەڕای بەکارهێنانی چەکی کڵاشینکۆف، چەکۆچۆڵی نیوە قورسی وەکوو ئاڕ پی جی یان بەکار هێناوە. بەم هۆکارەوە هەنگاو سەرەڕای دەربڕینی نیگەرانیی خۆی لە بارەی بەکارهێنانی چەکوچۆڵی نیوە قورس لەلایەن هێزەکانی کۆماری ئیسلامی ئێران دژی کۆڵبەران، داوای گەمارۆ خستنە سەر چەکوچۆڵ و لایەنی مادی پاسەوانی سنووری کۆماری ئیسلامی ئێران و بەدواداچوونی نێودەوڵەتی بۆ فەرماندەکانی ئەم هێزە دەکات بە هۆکاری تاوان دژی مرۆڤایەتی و دژی کۆڵبەران.

 

ناسنامەی ١٦ کۆڵبەری کوژراو لە سەرەتای ساڵی ٢٧٢٣، لە سنووری بانە؛

١ - بێهزاد عەزیزی تەمەن ١٩ ساڵە، خەڵکی شاری بانە، لە ڕێکەوتی ٢ی خاکەلێوەی ٢٧٢٣ (٢٣ی ٣ی ٢٠٢٣) بە تەقەی ڕاستەوخۆی هێزەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێران لە ڕێگای سنووری بانە کوژرا.

٢- یەعقوب عەباسی تەمەن ٤٢ ساڵە، خێزاندار و خەڵکی شاری سەردەشت لە ڕێکەوتی ٢٩ی خاکەلێوەی ٢٧٢٣ (١٨ی ٤ی ٢٠٢٣) بە تەقەی ڕاستەوخۆی هێزەکانی سوپای پاسداران لە سنووری شاری بانە کوژرا.

٣- محەممەد لەتیف پوور تەمەن ٢٦ ساڵە، خەڵکی شاری بانە، خێزاندارە و باوکی منداڵێکە، لە ڕێکەوتی ٣ی بانەمەڕی ٢٧٢٣ (٢٤ی ٤ی ٢٠٢٤)، لەلایەن هێزەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێران لە سنووری بانە، بە ئۆتۆمبێل کرایە ژێرەوە و کوژرا.

٤- هۆشیار حەسەنزادە، تەمەن ٢٠ ساڵە، خەڵکی شاری بانە لە ڕێکەوتی ١٥ی جۆزەردانی ٢٧٢٣ (٥ی ٦ی ٢٠٢٣}، بە تەقەی ڕاستەوخۆی هێزەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێران لە سنووری بانە کوژرا.

٥ - وریا شەریفی تەمەن ٢٧ ساڵە، خەڵکی شاری بانە لە ڕێکەوتی ٣ی پووشپەڕی ٢٧٢٣ (٢٤ی ٦ی ٢٠٢٣) بە تەقەی ڕاستەوخۆی هێزەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێران لە سنووری بانە کوژرا.

٦ - هۆشیار ئەمینی خەڵکی شاری بانە لە ڕێکەوتی ١٢ی گەلاوێژی ٢٧٢٣ (٣ی ٨ی ٢٠٢٣) بە تەقەی ڕاستەوخۆی هێزەکانی کۆماری ئیسلامی ئێران لە سنووری بانە کوژرا.

٧- ڕەسووڵ گاگەشی خێزاندار و باوکی ٥ منداڵ و خەڵکی شاری سەردەشت لە ڕێکەوتی ١٤ی گەلاوێژی ٢٧٢٣ (٥ی ٨ی ٢٠٢٣) لەلایەن هێزەکانی کۆماری ئیسلامی ئێران لە سنووری بانە، بە ئۆتۆمبێل کرایە ژێرەوە و کوژرا.

٨- ئەرسەلان ڕەسووڵی تەمەن ٢٩ ساڵە و خەڵکی شاری سەردەشت، لە ڕێکەوتی ٢٢ی گەلاوێژی ٢٧٢٣ (١٣ی ٨ی ٢٠٢٣)

٩- حامید فەرەج پوور خەڵکی شاری سەقز، لە ڕێکەوتی ١٤ی خەرمانانی ٢٧٢٣ (٥ی ٩ی ٢٠٢٣) بە تەقەی ڕاستەوخۆی هێزەکانی کۆماری ئیسلامی ئێران لە سنووری بانە کوژرا.

١٠- محەممەد خالیدی خەڵکی شاری بانە، لە ڕێکەوتی ٧ی ڕەزبەری ٢٧٢٣ (٢٩ی ٩ی ٢٠٢٣) لەلایەن هێزەکانی کۆماری ئیسلامی ئێران لە سنووری بانە کوژرا.

١١- موحسین عەبدوڵڵاهی تەمەن ٢٥ ساڵە، خێزاندار و باوکی ٤منداڵ و خەڵکی شاری بانە، لە ڕێکەوتی ٢ی خەزەڵوەری ٢٧٢٣ (٢٤ی ١٠ی ٢٠٢٣) بە تەقەی ڕاستەوخۆی هێزەکانی کۆماری ئیسلامی ئێران لە سنووری بانە کوژرا.

١٢- ئازاد سەتار پەنا تەمەن ٤٣ ساڵە، خێزاندار و باوکی ٣ منداڵ و خەڵکی شاری سەقز لە ڕێکەوتی ١٦ی خەزەڵوەری ٢٧٢٣ (٧ی ١١ی ٢٠٢٣) بە تەقەی ڕاستەوخۆی هێزەکانی کۆماری ئیسلامی ئێران لە سنووری بانە کوژرا.

١٣ - یادگار ڕەحیمی خەڵکی شاری بانە لە ڕێکەوتی ٢٣ی خەزەڵوەری ٢٧٢٣ (١٤ی ١١ی ٢٠٢٣) بە تەقەی ڕاستەوخۆی هێزەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێران لە سنووری بانە کوژرا.

١٤- جەلال حەیدەریان خەڵکی شاری دیواندەرە لە ڕێکەوتی ٢٤ی خەزەڵوەری ٢٧٢٣ (٥ی ١١ی ٢٠٢٣) بە تەقەی ڕاستەوخۆی هێزەکانی کۆماری ئیسلامی ئێران لە سنووری بانە کوژرا.

١٥- ئەسعەد حوسێن پوور تەمەن ٢٥ ساڵە و خەڵکی شاری سەقز لە ڕێکەوتی ١ی سەرماوەزی ٢٧٢٣ (٢٦ی ١١ی ٢٠٢٣) بە تەقەی ڕاستەوخۆی هێزەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێران کوژرا.

١٦- فارووق عەلیزادە تەمەن ١٧ ساڵە و خەڵکی شارۆچکەی ڕەبەت لە ڕێکەوتی ٩ی سەرماوەزی ٢٧٢٣ (٢٦ی ١١ی٢٠٢٣) بە تەقەی ڕاستەوخۆی هێزەکانی کۆماری ئیسلامی ئێران لە سنووری بانە کوژرا.


زیاتر بخوێننەوە لەم بارەوە