برینداربوونی چوار کۆڵبەر لە سنوورەکانی بانە و نەوسوود

لانی کەم چوار کۆڵبەر بەناوەکانی یادگار عەلیپوور، کارۆ و ئاراس (ناوبانگ نادیار) لە سنووری هەنگەژاڵی بانە و پەیمان محەممەدی لە سنووری نەوسوود بە تەقەی ڕاستە

٨ ڕێبەندان ٢٧٢٣، ١١:١٢

 

هەنگاو؛ یەکشەممە ٨ی ڕێبەندانی ٢٧٢٣

لانی کەم چوار کۆڵبەر بەناوەکانی یادگار عەلیپوور، کارۆ و ئاراس (ناوبانگ نادیار) لە سنووری هەنگەژاڵی بانە و پەیمان محەممەدی لە سنووری نەوسوود بە تەقەی ڕاستەوخۆی هێزە چەکدارەکانی کۆماری ئیسلامی ئێران بریندارکران.

بەپێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، ڕۆژی شەممە ٧ی ڕێبەندانی ٢٧٢٣ (٢٧ی جەنیوەری ٢٠٢٤)، یادگار عەلیپوور تەمەن ٣٠ ساڵ و خەڵکی بانە لە کاتی کۆڵبەری لە سنووری هەنگەژاڵی ئەو شارە بە تەقەی ڕاستەوخۆی هێزە چەکدارەکانی کۆماری ئیسلامی بەسەختی بریندارکرا. شەوی هەمان ڕۆژ کۆڵبەرێکی تەمەن ١٨ ساڵ و خەڵکی سەقز بەناوی کارۆ (ناوبانگ نادیار) هەر لەو سنوورە بریندارکراوە.

هاوکات، ئێوارەی ئەو ڕۆژە، پەیمان محەممەدی، کۆڵبەری لاوی خەڵکی پاوە، لە سنووری نەوسوود سەر بەو شارە بریندارکرا و بەمەبەستی چارەسەری پزیشکی بۆ ناوەندە دەرمانییەکان گواستراوەتەوە.

هەروەها، ئێوارەی ڕۆژی سێشەممە ٣ی ڕێبەندانی ٢٧٢٣ (٢٣ی جەنیوەری)، ئاراس (ناوبانگ نادیار) خەڵکی مەریوان بە چەکی ساچمەیی و لە سنووری هەنگەژاڵی بانە کراوەتە ئامانج و دەست و کەمەری بریندارکراوە.


زیاتر بخوێننەوە لەم بارەوە