برینداربوونی پێنج کۆڵبەر بە تەقەی ڕاستەوخۆی هێزە چەکدارەکانی ئێران

لە ماوەی ڕۆژانی ڕابردوودا لانی کەم پێنج کۆڵبەری خەڵکی شارەکانی بانە، مەهاباد و سەقز، لە کاتی کۆڵبەری و لە سنووری شاری بانە، بە

٢٠ ڕێبەندان ٢٧٢٣، ١٤:٤٧

 

هەنگاو: هەینی، ٢٠ی ڕێبەندانی ٢٧٢٣

لە ماوەی ڕۆژانی ڕابردوودا لانی کەم پێنج کۆڵبەری خەڵکی شارەکانی بانە، مەهاباد و سەقز، لە کاتی کۆڵبەری و لە سنووری شاری بانە، بە تەقەی ڕاستەوخۆی هێزە چەکدارەکانی ئێران بریندار بوون.

بەپێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو؛ ڕۆژی هەینی، ٢٠ی ڕێبەندانی ٢٧٧٢٣ (٩ی فێبریوەری ٢٠٢٤)، هێزە چەکدارەکانی ئێران کۆمەڵێک کۆڵبەریان دەستبەسەر کردووە و بە شێوەیەکی دڕندانە ئەشکەنجەیان کردوون و لە مەودای چەند مەترییەوە بە چەکی ساچمەیی تەقەیان لێیان کردوون. بەم هۆیەشەوە دوو کۆڵبەری لاو بە ناوەکانی یووسف مەهابادی، تەمەن ٢٦ ساڵ و فەرزاد (ناوبانگ نادیار) کە هەردووکیان خەڵکی شاری مەهاباد بوون، دەستیان بەسەختی بریندار بووە.

هەروەها ڕۆژی چوارشەممە ١٨ی ڕێبەندان (٧ی فێبریوەری)، هێزە چەکدارەکانی ئێران لە سنووری هەنگەژاڵی بانە تەقەیان لە کۆمەڵێک کۆڵبەر کردووە و دوو کۆڵبەر بە ناوەکانی سۆران ڕەحیمی، تەمەن ١٩ ساڵ، خەڵکی شاری سەقز و ئەیووب مەحموودی، تەمەن ٣۵ ساڵ و خەڵکی شاری بانە، بریندار بوون.

لە درێژەی بەردەوامیی دەستڕێژی هێزە چەکدارەکانی ئێران لە کۆڵبەران، ڕۆژی دووشەممە، ١٦ی ڕێبەندان (۵ی فێبریوەری)، کۆڵبەرێکی تەمەن ٣٨ ساڵ و خەڵکی شاری سەقز بە ناوی نیزام تەیمووری، بە تەقەی ڕاستەوخۆی ئەو هێزانە لاقی بەسەختی بریندار بووە و بە مەبەستی چارەسەریی پزیشکی بۆ ناوەندە دەرمانییەکان گواستراوەتەوە.


زیاتر بخوێننەوە لەم بارەوە