ڕاپۆرتی لێکۆڵینەوەیی؛ هەوڵی بەربڵاوی کۆماری ئیسلامی ئێران بەمەبەستی ڕفاندنی چالاکانی سیاسی و مەدەنی لە ناوچەکە

٢٢ خاکەلێوە ٢٧٢٤، ٢١:٣٢

هەنگاو؛ چوارشەممە ٢٢ی خاکەلێوەی ٢٧٢٤

ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو دوای وەرگرتنی ژمارەیەک ڕاپۆرت لە سەرچاوە ئاگادارەکان لەسەر هەوڵی بەربڵاوی کۆماری ئیسلامی بەمەبەستی ڕفاندنی چالاکانی سیاسی و مەدەنی، لێکۆڵینەوەیەکی بەربڵاوی دەست پێکردووە، کە نیشان دەدات کۆماری ئیسلامی لە ڕێگای دزەکردنە نێو باندەکانی قاچاخی مرۆڤ لە تورکیا و هەرێمی کوردستان، لە هەوڵی دەستبەسەرکردن و ڕفاندنی چالاکانی سیاسی و مەدەنیی دانیشتووی ئەو وڵاتانەدایە.

لە ڕەوتی بزووتنەوەی ژن ژیان ئازادی ژمارەیەکی زۆر لە زیان بەرکەوتووان و چالاکان لە ئێران پەنایان بۆ هەرێمی کوردستان و تورکیا بردووە و کۆماری ئیسلامی لە ڕێگای بەکارهێنان و دزەکردنی هێزە خۆجێییەکانی لە نێو باندەکانی قاچاخی مرۆڤ هەوڵی ڕفاندن و گواستنەوەیان بۆ ئێرانی داوە.

هەر لە پەیوەندی لەگەڵ ئەو بابەتەدا، هەنگاو لە ڕێگای وتووێژ و تۆمارکردنی گێڕانەوەی ڕاستەوخۆ لەو کەسانەی کە بە پرۆسەی پەنابەری لە هەرێمی کوردستاندا سەرقاڵن، بۆی دەرکەوتووە کۆماری ئیسلامی بە دزەکردن لە نێو کەسانێک کە لەژێر ناوی یارمەتی گەیاندن بە پەنابەران لە ڕێگای ئەورووپادا چالاکی دەکەن، لە ڕێگای هێزەکانی خۆیەوە خەریکی نائەمن کردنی ڕێگاکانی چوونە دەرەوەی پەنابەران و ڕۆیشتنیان لە تورکیایە.

یەکێک لەو چالاکانەی دانیشتووی هەرێمی کوردستان کە نەیویستووە نێوی ئاشکرا بکرێت، زانیارییەکانی خۆی لەو بوارەدا بۆ هەنگاو بەو شێوەیە دەگێڕێتەوە: «ماوەیەکە کە ئیتلاعاتی سوپای پاسداران بەدوای ناسینی چالاکانی مەدەنی و سیاسی چالاک لە وڵاتی تورکیایە. ئەوان سەرەتا بنەماڵەکانیان لە ئێران بەمەبەستی هاوکاریکردن لەژێر گوشار دادەنێن، دواتر لە ئەگەری هاوکاری نەکردنیان، بە سەختی هەڕەشەیان لێدەکرێت و لە قۆناغی دواتر لەگەڵ چالاکانی سیاسی و مەدەنی لە تورکیا بەمەبەستی ناسینی کەسانی دیکە لە بەرانبەر پێدانی پارەیەکی بەرچاو و هەندێک بەڵێنی دیکە داوای هاوکاری دەکەن. هێزەکانی سوپا زیاتر کەسانێک لە ژێر گوشار دادەنێن کە هاتووچۆی ئێران دەکەن». ئەو سەرچاوە هەروەها ڕایگەیاندووە کە: "ئەوان هەر بەو مەبەستە لە باندەکانی قاچاخی مرۆڤ، دەڵاڵەکان و نووسینگەکانی پارەگۆڕینەوە بۆ لە داو هاویشتنی چالاکانی سیاسی و مەدەنی کەڵک وەردەگرن".

هەر لەو بوارەدا هەنگاو زانیویەتی کاناڵێک لە کاربەدەستانی کۆماری ئیسلامی لەژێر ناوی «یارمەتیدانی پەنابەران» لە ناوچە جیاوازەکانی تورکیا بەتایبەت لە سێ شاری وان، ئیستەنبوڵ و ئاگری جێگیرکراون. ئەو کاناڵە خەریکی پەیوەندی گرتنێکی بەربڵاو لەگەڵ پەنابەرانی سیاسی بەمەبەستی دەستبەسەرکران، گوشار خستنەسەر و باج وەرگرتن لەو کەسانەن.

یەکێکی دیکە لەو کەسانەی کە دانیشتووی تورکیایە و نایهەوێت نێوی ئاشکرا بکرێت، لەو بوارەدا بە هەنگاوی گوتووە کە: «بە سەرنجدانی بارودۆخی ئێستا، لەو قۆناغەدا پەنابەرانی سیاسی دەبێت تا بۆیان دەکرێت لە ڕۆیشتن بەرەو ئەورووپا خۆببوێرن».

هەنگاو هەروەها لە ڕێگای سەرچاوەکانی خۆیەوە ئاگادار کراوەتەوە کە لە پەیوەندی لەگەڵ ئەو بابەتە «تەنانەت چالاکانی سیاسی خۆشناو و ئەو قاچاغبەرانەی پێشینەیەکیان هەیە لەلایەن کۆماری ئیسلامییەوە بە سەختی لەژێر گوشاردان و کۆماری ئیسلامی لە ئەگەری هاوکاری نەکردن ناویان دەزڕێنێت».

ئەو سەرچاوە هەروەها ڕایگەیاندووە: «مۆرەکانی کۆماری ئیسلامی لە تورکیا بە بانگەشەی یارمەتی گەیاندن پەیوەندییان بە پەنابەرانەوە گرتووە و بە بەڵێنی وەرگرتنی بڕی پارەی ٥٠ لە سەد کەمتر لە حاڵەتی ئاسایی، بەدوای دەستبەسەرکردنی ڕاستەوخۆ یان نیشاندانی زانیارییەکانیان بە دەزگا ئیتلاعاتییەکانی حکومەتی کۆماری ئیسلامی ئێرانەوەن».

هەروەها، یەکێک لەو پەنابەرانەی کە لەم دوایییانەدا بەهۆی ئەو دۆخەی باسی کرا، لە تورکیاوە گەڕاوەتەوە بۆ هەرێمی کوردستان، لە ئەزموونی تاکەکەسیی خۆی لەو بارەدا باس دەکات: «کەسانێک لە تورکیا شوێنم کەوتبوون و بە دڵنیابوونەوە لە مەترسییەکانی مانەوە لەوێ، لە درێژەدان بە ڕێگاکەم پاشگەز بوومەوە و گەڕاومەتەوە».

سەرچاوەیەکی هەنگاو نیگەرانیی خۆی لەو بابەتە دەربڕیوە کە: «شێوازی کاریی کۆماری ئیسلامی بەتەواوی گۆڕاوە. ئەوان کەسانێکیان بەنێوی چالاکی سیاسی یان حیزبی پەروەردە کردووە کە بڕوای چالاکانی سیاسی و مەدەنی بەدەست بهێنن. بەو مەبەستە ئەو کەسانە پارەیەکی تا شەشت_حەفتا لە سەد کەمتر بۆ گواستنەوە داوا دەکەن تا دەستیان بە چالاکەکان بگات».

ئەو سەرچاوە بە لەبەرچاوگرتنی ئەو بابەتە کە کۆماری ئیسلامی بۆ پێشبردنی پلانی ڕفاندن لە بەکارگرتنی هێزە کوردەکانی خۆی بۆ بەدەست هێنانی بڕوای پەنابەران کەڵک وەردەگرێت، گوتویەتی: «بەوشێوە ڕێگای ڕفاندنی چالاکان لە تورکیاوە بۆ ئێران، تا ئاستێک بۆ کۆماری ئیسلامی ئاسایی کراوەتەوە کە چی دیکە تەنانەت لەو ڕێگایەدا هێزەکانی سنوورەوانیش بوونیان نییە. دۆخەکە بە جۆرێکە کە ئێستا کۆماری ئیسلامی تەنانەت لە نێو و ناسنامەی ئەو چالاکوانانەی کە لە هەرێمەوە دەچنە تورکیا بەتەوای ئاگادارە و لە شارەکانی وان، ئیستەنبوڵ و ئاگری بە کەڵکوەرگرتن لە هێزەکانی خۆی بۆ گواستنەوەیان بەرەو ئێران هەوڵ دەدات».

ئەوە لە حاڵێکدایە کە زۆربەی چالاکانی مەدەنیی ئێران، بەتایبەت چالاکوانە کوردەکان، لە بارودۆخێکی ناڕوون و دژواردا لە هەرێمی کوردستان دەژین. نەبوونی ڕێوشوێنێکی مافی مرۆڤی کە ڕێکخراوە گەورەترەکانی مافی مرۆڤی ئێرانی و جیهانی پاڵپشتیی لێبکەن دۆخێکیان بۆ ئەو چالاکانە لە هەرێمی کوردستان ساز کردووە، کە لە ئاکامیدا ئەو ڕێگایە نە تەنیا بۆ چالاکوانانی کورد، بەڵکوو بۆ هیچ چالاکوانێکی مەدەنی دیکەش ئەمن نییە. زۆرێک لە چالاکانی دانیشتووی هەرێمی کوردستان، بەمەبەستی پاراستنی خۆیان ناچارن بوونی خۆیان لە هەرێمی کوردستان ئاشکرا نەکەن و هەر ئەوە زەربە لە چالاکییە مەدەنییەکایان دەدات.

هەنگاو لەم دوایییانەدا لە ئەگەری زۆری بێسەروشوێنکردنی زۆرەملێی یەکێک لە هاوکارەکانی خۆی بەنێوی حوسێن باقری (ژاکان باران) لەلایەن هێزەکانی کۆماری ئیسلامییەوە، لە ڕێگەی بانگەشەی یارمەتی گەیاندن بۆ گەیاندنی ناوبراو بە ئەورووپا، ڕاپۆرتی بڵاو کردووەتەوە.

هەر لەو ڕاستایەشدا ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو لە سەرجەم چالاکانی سیاسی و مەدەنیی پەنابەر و دانیشتووی تورکیا و هەرێمی کوردستان داوا دەکات کە بەسەرهاتی خۆیان، و لە ئەگەری هەڕەشەی هێزەکانی کۆماری ئیسلامی بەڵگەکانی هەڕەشەکردنیان، بۆ هەنگاو بنێرن.


زیاتر بخوێننەوە لەم بارەوە