بەندیخانەی ناوەندیی مەشهەد؛ جێبەجێکردنی سزای سێدارەی پێنج بەندکراو کە یەکێکیان خەڵکی ئەفغانستان بووە

٢٨ خاکەلێوە ٢٧٢٤، ١٨:١٤

هەنگاو؛ سێشەممە ٢٨ی خاکەلێوەی ٢٧٢٤

سزای سێدارەی پێنج بەندکراو لە بەندیخانەی ناوەندیی مەشهەد (وەکیل ئاباد) جێبەجێ کرا. ئەم بەندکراوانە پێشتر بە تۆمەتی پەیوەندیدار بە مادە هۆشبەرەکانەوە لەلایەن دەزگای دادوەری کۆماری ئیسلامی ئێران سزای لە سێدارەدانیان بەسەردا سەپێنرا بوو. چوار کەسیان خەڵکی مەشهەد بوون کەسێکیان خەڵکی ئەفغانستان بووە.

بەپێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، بەرەبەیانی ڕۆژی دووشەممە ٢٧ی خاکەلێوەی ٢٧٢٤ (١٥ی ئەپریلی ٢٠٢٤)، سزای سێدارەی سێ بەندکراوی خەڵکی مەشهەد بە ناوەکانی بێهروز نامدار، مستەفا عەبدی و جەواد بەیگی، لە بەندیخانەی ناوەندیی شاری مەشهەد جێبەجکرا.

ماڵپەڕی حاڵ وەش لەوبارەوە ڕایگەیاندووە، ئەم سێ بەندکراوە لەگەڵ دوو بەندکراوی دیکە بە ناوەکانی قاسم نەسروڵڵازاده خەڵکی نەیشابوور و عەلی ئەحمەدی خەڵکی ئەفغانستان ، پێشتر بە تۆمەتی پەیوەندیدار بە مادە هۆشبەرەکانەوە دەستبەسەر کرابوون و سزای سێدارەیان بەسەردا سەپێنرابوو.

تاکوو داڕشتنی ئەم هەواڵە، هەواڵی لە سێدارەدانی ئەم بەندکراوانە لە میدیا حکومەتییەکان بە تایبەت میدیاکانی نزیک لە دادوەری بڵاو نەکراوەتەوە.


زیاتر بخوێننەوە لەم بارەوە