زابۆل؛ لاوێکی بەلووچ لەژێر ئەشکەنجەی ئیتلاعاتی سوپای پاسداران گیانی لەدەستدا

مەحموود ڕەخشانی، قوتابی بەلووچ و خەڵکی زابۆلی سیستان و بەلووچستان، بەهۆی ئەشکەنجەدرانی سەخت و و بەرکەوتنی زەربە بە کاسەی سەری لەلایەن ئیتلاعاتی

٢٣ سەرماوەز ٢٧٢٣، ٠٩:٣٩


هەنگاو؛ چوارشەممە ٢٢ی سەرماوەزی ٢٧٢٣

مەحموود ڕەخشانی، قوتابی بەلووچ و خەڵکی زابۆلی سیستان و بەلووچستان، بەهۆی ئەشکەنجەدرانی سەخت و و بەرکەوتنی زەربە بە کاسەی سەری لەلایەن ئیتلاعاتی سوپای پاسداڕانەوە لە دەستبەسەرگەی ئەو ناوەندە ئەمنییەی کۆماری ئیسلامی ئێران کوژرا. ناوبراو ماوەی سێ مانگی لە کۆمادا تێپەڕکردبوو و لە ئاکامدا گیانی خۆی لە دەستدا.

بەپێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، ڕۆژی دووشەممە ٢٠ی سەرماوەزی ٢٧٢٣ (١١ی دیسەمبەری ٢٠٢٣)، مەحموود ڕەخشانی، تەمەن ١٩ ساڵ و خوێندکاری خولی پێش زانکۆ قوتابخانەی حوسێنیی زابۆل، دوای سێ مانگ مانەوە لە حاڵەتی کۆمادا، بەهۆی برینداربوونی لەئەنجامی ئەشکەنجەی ئیتلاعاتی سوپای پاسداران لە نەخۆشخانەی "ئەمیرەلمۆئمەنین"ی زابۆل گیانی لەدەستدا. ئەو حاڵەتە، تازەترین قەتڵی حکومەتی لەلایەن ناوەندە ئەمنییەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێران بە ئەژمار دێت.

بەپێی ڕاپۆرتێکی ماڵپەڕی حاڵوەش، ئیتلاعاتی سوپای پاسداران، لە تەواو ئەو ماوەی کە مەحموود ڕەخشانی لە حاڵەتی کۆمادا تێپەڕی کردووە، ئەو نەخۆشخانەی کە مەحموود ڕەخشانیی تێدا خەوێندرابوو بە چڕی لەژێر کونتڕۆڵ داناوە و لە میدیایی کردنەوەی هەواڵێک لەو بارەیەوە بەسەختی ڕێگریکرابوو. باوکی ئەو قوتابییە، کاریگەری ساختمانییە و لە ماوەی ڕابردوودا تووشی جەڵتەی مێشک ببوو.

ئیتلاعاتی سوپای پاسداران بە هەڕەشەکردن لە بنەماڵەی مەحموود ڕەخشانی، هەتا وەرگرتنی لێخۆشبوونی زۆرەملێ لە بنەماڵەکەی لە ڕادەستکردنی تەرمی منداڵەکەیان ڕێگرییان کردبوو. لە ئاکامدا، ئەو بنەماڵە تەرمی مەحموود ڕەخشانییان بە لێخۆشبوونی زۆرەملێ لە دوانیوەڕۆی ڕۆژی سێشەممە ٢١ی سەرماوەز وەرگرتووە و ڕۆژی ٢٢ی سەرماوەز بەخاکیان سپاردووە.

مەحموود ڕەخشانی، ڕۆژی یەکشەممە ١٢ی خەرمانانی ئەمساڵ (٣ی سێپتەمبەری ٢٠٢٣) لە ماڵی باوک و دایکی لە شاری زابۆل لەلایەن ئیتلاعاتی سوپای پاسداران بێ نیشاندانی هیچ بەڵگەیەکی دادوەری ڕفێندرابوو.

شایەنی باسە کە هێزەکانی ئیتلاعاتی سوپای پاسداران بە بیانووی بوونی چەک هەڵیانکوتاوەتە سەر ماڵی بنەماڵەی مەحموود ڕەخشانی و دوای پشکنینی ماڵەکەیان و نەدیتنەوەی چەک، مەحموود ڕەخشانییان لەگەڵ خۆیان بردووە و لە دەستبەسەرگە بە ئەشکەنجەدانی ناوبراو مەبەستی وەرگرتنی دانپێدانان ئەشکەنجەیان داوە کە دوای زیان دیتنی کاسەی سەری چووەتە کۆماوە.

بەپشتبەستن بە ئامارە تۆمارکراوەکان لە ناوەندی ئامار و بەڵگەنامەکانی ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، لە سەرەتای ساڵی ٢٠٢٣ی زایینییەوە لانی کەم ١٠ بەندکراو لە بەندیخانەکانی ئێران لەژێر ئەشکەنجە گیانیان لە دەستداوە کە دوو کەس لەو بەندکراوانە بەلووچ و ٧ کەسیان کورد بوون.


زیاتر بخوێننەوە لەم بارەوە