کوژران و برینداربوونی ٦ کۆڵبەر لە سنووری نەوسوود

کوژران و برینداربوونی ٦ کۆڵبەر لە سنووری نەوسوود

09:46 - 30 April 2022

 

هەنگاو: شەممە ١٠ی بانەمەڕی ٢٧٢٢

کۆڵبەرێکی لاو بە ناوی سەفەر سوبحانی خەڵکی گوندی دوریسانی پاوە بەرەبەیانی ڕۆژی شەممە ١٠ی بانەمەڕی ٢٧٢٢ لە کاتی کۆڵبەری لە سنووری نەوسوود بە تەقەی ڕاستەوخۆی هێزە چەکدارەکانی ئێران کوژرا و ٥ کۆڵبەری دیکەش بریندار بوون.

تەرمی سەفەر سوبحانی کە خێزاندار و باوکی دوو منداڵە بۆ ناوەندە دەرمانییەکانی شاری پاوە گوازراوەتەوە.

هەروەها پێنج کۆڵبەری دیکە کە دوو کەسیان مێرمنداڵ بوون بە ناوەکانی ڕامین باوەجانی ١٦ ساڵ و فەرهاد مینایی ١٥ ساڵ، فەلاح عەزیزی هەر سێ خەڵکی سەلاسی باوەجابی و موبین حامیدی و فەرشید قادری زاده تەمەن ٢٧ ساڵ هەر دوو خەڵکی گوندی "دشە" سەر بە شاری پاوه بریندار کراون.


سەفەر سوبحانی سەرەتای مانگی ئەپریلی ئەمساڵ پۆستێکی ناڕەزایەتی لە لاپەڕەی ئینستاگرامی خۆی بە نیسبەت داخستنی سنوورەکان بڵاو کردبووە و تێیدا نووسیبووی: “هیوادارم ئەم کێشە نانەوانەتان بە لاوە بنێن هەتا خەڵک لە سەر خوانەکانیان نانیان هەبێت”.