جێبەجێکرانی سزای سێدارەی سێ بەندکراو لە بەندیخانەی قزڵحیسار

٣٠ خاکەلێوە ٢٧٢٤، ١٠:٥١

هەنگاو؛ پێنجشەممە ٣٠ی خاکەلێوەی ٢٧٢٤

سزای سێدارەی سێ بەندکراو کە پێشتر بە تۆمەتی "کوشتنی بە ئەنقەست" و "دەستدرێژی سێکسی" سزای سێدارەیان بەسەردا سەپێندرابوو، لە بەندیخانەی قزڵحیساری کەرەج جێبەجێ کرا. ناسنامەی دوو کەس لەو بەندکراوانە بەناوەکانی سادق تاجیک، دانیشتووی وەرامین و خەڵکی ئەفغانستان و فەرامەرز تەیب بەخشە ئاشکرا کراوە.

بەپێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، ڕۆژی چوارشەممە ٢٩ی خاکەلێوەی ٢٧٢٤ (١٧ی ئەپریلی ٢٠٢٤)، سزای سێدارەی سێ بەندکراو، کە یەک کەسیان بەندکراوێکی خەڵکی ئەفغانستان بەناوی سادق تاجیکە لە بەندیخانەی قزڵحیساری کەرەج جێبەجێ کراوە.

هاوکات بەندکراوێکی دیکەش بەناوی فەرامەرز تەیب بەخشە تەمەن ٣٤ ساڵ، کە پێشتر بە تۆمەتی "دەستدرێژی سێکسی" سزای سێدارەی بەسەردا سەپێندرابوو، لە سێدارە درا.

هەروەها، بەپێی ڕاپۆرتی ماڵپەڕی حکومەتیی ڕۆکنا، هاوکات سزای سێدارەی بەندکراوێکی خەڵکی تارانیش بە ناوی حوسێن کە ٤ ساڵ پێشتر سێ ئەندامی بنەماڵەیەکی لە گەڕەکی باغی فەیزی تاران کوشتبوو، جێبەجێ کراوە. لە ڕاپۆرتی ڕۆکنادا ئاماژە بە شوێنی لە سێدارەدرانی ناوبراو نەکراوە، بەڵام سەرچاوەکانی هەنگاو ڕایانگەیاندووە کە سزای سێدارەی ئەو بەندکراوەش لە بەندیخانەی قزڵحیساری کەرەج جێبەجێ کراوە.

هەواڵی لە سێدارەدرانی دوو بەندکراوەی دیکە هەتا کاتی داڕشتنی ئەم هەواڵە لە میدیا حکومەتییەکان بەتایبەت میدیا نزیکەکان لە دەزگای دادوەرییەوە بڵاو نەکراوەتەوە.


زیاتر بخوێننەوە لەم بارەوە