سبەی لاوێکی کورد لەسێدارە دەدرێت، بنەماڵەکەی داوای لێخۆشبوونی دەکەن

هەنگاو: بڕیارە حوکمی سێدارەی هاووڵاتییەکی خەڵکی دێولان کە بە تۆمەتی کوشتنی ئەنقەست ئەو حوکمەی بەسەردا سەپابوو، جێبەجێ بکرێت.

٢٦ سەرماوەز ٢٧١٩، ١٧:٢٢

 

هەنگاو: بڕیارە حوکمی سێدارەی هاووڵاتییەکی خەڵکی دێولان کە بە تۆمەتی کوشتنی ئەنقەست ئەو حوکمەی بەسەردا سەپابوو، جێبەجێ بکرێت.

بەپێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، بڕیارە کە بەرەبەیانی ڕۆژی چوارشەممە ٢٧ی سەرماوەزی ٢٧١٩ (١٨ی دێسامبری ٢٠١٩)، حوکمی سێدارەی هاووڵاتییەکی تەمەن ٣٦ ساڵی خەڵکی دێولان بە ناوی ”فەرزاد سەیف پەناهی“ لە بەندیخانەی ناوەندیی شاری سنە جێبەجێ بکرێت.

فەرزاد سەیف پەناهی پاییزی ٢٧١٤ (٢٠١٤) بە تۆمەتی کوشتنی هاووڵاتییەکی دیکەی خەڵکی دێولان بە ناوی ”سەعدی قادری“ دەستبەسەر و حوکمی سێدارەی بەسەردا سەپاوە.

پارێزەری ئەو بەندکراوە لە وتوێژێکدا لەگەڵ یەکێک لە هاوکارنی ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو ڕایگەیاندووە کە فەرزاد سبەی لەسێدارە دەدرێت.

بنەماڵەی سەیف پەناهی بە بڵاو کردنەوەی ڕاگەیەندراوێک داوایان لە خەڵک کردووە کە بۆ بەدەستهێنانی ڕەزامەندی بنەماڵەی کوژراوەکە هاوکارییان بکەن.

لەلایەکی دیکەوە بەشێک لە چالاکانی مەدەنی کورد کە دایک و باوکی ڕامین حوسێن پەناهیش لە نێویاندایە، بە بلاوکردنەوەی ڕاگەیەندراوێک داوایان لە بنەماڵەی کوژراوەکە کردووە کە ەل خوێنی ڕۆڵەکەیان خۆش بن و ژیان بگەڕێننەوە بۆ فەرزاد سەیف پەناهی.

 


زیاتر بخوێننەوە لەم بارەوە