جێبەجێکرانی سزای سێدارەی بەندکراوێکی کورد لە بەندیخانەی ناوەندیی ئورمیە

٢٩ خاکەلێوە ٢٧٢٤، ١٢:٢٧

هەنگاو؛ چوارشەممە ٢٩ی خاکەلێوەی ٢٧٢٤

سزای سێدارەی بەندکراوێکی کورد و خەڵکی شاری کەنگەڤەر بە ناوی ئەفشین باغ شیرین جێبەجێکرا. ناوبراو پێشتر بە تۆمەتی پەیوەندیدار بە مادە هۆشبەرەکانەوە سزای سێدارەی بەسەردا سەپێنرابوو.

بەپێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، بەرەبەیانی ڕۆژی شەممە ٢٥ی خاکەلێوەی ٢٧٢٤ (١٣ی ئەپریلی ٢٠٢٤)، سزای سێدارەدانی ئەفشین باغ شیرین، تەمەن ٣٩ ساڵە و خەڵکی شاری کەنگەڤەر سەر بە پارێزگای کرماشان لە بەندیخانەی ناوەندیی شاری ئورمیە جێبەجێکرا.

بەوتەی سەرچاوەیەکی ئاگاداری هەنگاو، ئەم هاووڵاتییە شەش ساڵ لەمەوبەر بە تۆمەتی پەیوەندیدار بە مادە هۆشبەرەکانەوە دەستبەسەر کرا و لەلایەن دەزگای دادوەری کۆماری ئیسلامیی ئێرانەوە سزای سێدارەی بەسەردا سەپێنرا بوو.

تاکوو داڕشتنی ئەم هەواڵە، هەواڵی لەسێدارەدانی ئەم بەندکراوە لە میدیا حکومەتییەکان و بەتایبەت میدیاکانی نزیک لە دەزگای دادوەری بڵاو نەکراوەتەوە.


زیاتر بخوێننەوە لەم بارەوە