جێبەجێکرانی سزای سێدارەی ٩ بەندکراو لە بەندیخانەکانی کرمان، چابەهار و کەرەج

٢ بانەمەڕ ٢٧٢٤، ١٢:٠٩

هەنگاو؛ یەکشەممە ٢ی بانەمەڕی ٢٧٢٤

سزای سێدارەی ٩ بەندکراو بریتی لە ٦ بەندکراوی بەلووچ و بەندکراوێکی کورد و بەندکراوێکی خەڵکی ئەفغانستان کە پێشتر بە تۆمەتی پەیوەندیدار بە ماددە هۆشبەرەکانەوە سزای سێدارەیان بەسەردا سەپێندرابوو، لە بەندیخانەی ناوەندیی کرمان و بەندیخانەی قزڵحیساری کەرەج و چابەهار جێبەجێ کرا.

بەپێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، بەرەبەیانیی ڕۆژی یەکشەممە ٢ی بانەمەڕی ٢٧٢٤ (٢١ی ئەپریلی ٢٠٢٤)، سزای سێدارەی ٥ بەندکراو کە ناسنامەی چوار کەسیان بە ناوەکانی ئەحمەدڕەزا میری تەمەن ٣٤ ساڵ و خەڵکی زابۆل، شەمسەددین کشانی تەمەن ٥٣ ساڵ و شەوکەت شەهبەخش هەردوویان خەڵکی زاهیدان و بەندکراوێکی کورد بەناوی جەماڵ مەردانی تەمەن ٥٤ ساڵ و خەڵکی میاندواو ئاشکرا کراوە لە بەندیخانەی ناوەندیی کرمان جێبەجێ کراوە. بۆ ناسنامەی بەندکراوێکی بەلووچی لە سێدارەدراو بەدواداچوون دەکرێت.

ئەو شەش بەندکراوە ڕۆژی هەینی بەمەبەستی جێبەجێکرانی سزای سێدارەکەیان بۆ ژووری تاکەکەسی گواسترابوونەوە و ڕۆژی ڕابردوو دوایین چاوپێکەوتنیان لەگەڵ بنەماڵەکانیان بووە.

لەلایەکی دیکەشەوە، سزای سێدارەی دوو بەندکراوی بەلووچ بە ناوەکانی سەعید جەدگاڵ تەمەن ٣٠ ساڵ و محەممەد ئەنجەم ڕووز تەمەن ٣٣ ساڵ و هەردوو خەڵکی شارۆچکەی پلانی شاری دەشتیاری سەر بە پارێزگای سیستان و بەلووچستان، لە بەندیخانەی ناوەندیی چابەهار جێبەجێ کراوە.

هاوکات سزای سێدارەی دوو بەندکراو بە ناوەکانی عەلیڕەزا شەهباز تەمەن ٣٨ ساڵ و خەڵکی تاران و عەبدوباری پەشتوو خەڵکی ئەفغانستان کە پێشتر بە تۆمەتی پەیوەندیدار بە ماددە هۆشبەرەکانەوە سزای سێدارەیان بەسەردا سەپێندرابوو لە بەندیخانەی ناوەندیی کەرەج جێبەجێ کراوە.

ئەو دوو بەندکراوە کە هەر دوو خێزاندارن و منداڵیان هەیە، ڕۆژی ڕابردوو بەمەبەستی جێبەجێکرانی سزای سێدارەکەیان بۆ ژووری تاکەکەسی گواسترابوونەوە.

هەواڵی لەسێدارەدرانی ئەو ٩ بەندکراوە هەتا کاتی داڕشتنی ئەم ڕاپۆرتە، لە میدیا حکومەتییەکان بەتایبەت میدیا نزیکەکان لە دەزگای دادوەرییەوە بڵاو نەکراوەتەوە.


زیاتر بخوێننەوە لەم بارەوە