شەش بەندکراو لە بەندیخانەی ئورمیە هەوڵی خۆکوشتنیان دا و یەکێکیان گیانی لەدەست دا

هەنگاو: لە ماوەی ڕۆژانی ڕابردوودا لانیکەم شەش بەندکراوی ڕاگیراو لە بەندیخانەی ناوەندیی ئورمیە هەوڵی خۆکوشتنیان داوە کە یە

٣٠ ڕەزبەر ٢٧٢٠، ١٧:٣٤

 

هەنگاو: لە ماوەی ڕۆژانی ڕابردوودا لانیکەم شەش بەندکراوی ڕاگیراو لە بەندیخانەی ناوەندیی ئورمیە هەوڵی خۆکوشتنیان داوە کە یەکێکیان گیانی لە دەست داوە.

بەپێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، ئەمڕۆ چوارشەممە ٣٠ی ڕەزبەری ٢٧٢٠ (٢١ی ئۆکتۆبری ٢٠٢٠)، بەندکراوێکی ڕاگیراو لە بەندیخانەی ئورمیە بە ناوی ”کەریم خواجەپوور“ دوای ئەوەی هەوڵی خۆکوشتنی دابوو، لە نەخۆشخانەی ”خومەینی“ ئەو شارە گیانی لە دەست داوە.

کەریم خواجەپوور ڕۆژی دووشەممە ٢٨ی ڕەزبەر لەگەڵ چەند بەندکراوێکی دیکەی ڕاگیراو لە بەندی ١ و ٢ دوای تتێکهەڵچوونێک بۆ بەندی ئەمن گوازرابوونەوە و هەمان ڕۆژ لەڕێگای خواردنی وردە شووشە و لەخۆدان بە کەرەستەی تیژ هەوڵی خۆکوشتنی دابوو کە بۆ ناوەندە دەرمانییەکانی دەرەوەی بەندیخانە گوازرابوویەوە.

چوار کەسی دیکە لە هاوبەندیەکانی کەریم خواجەپوور بە ناوەکانی ”حوجەت دڵارام“، ”بابەک سۆفی“، ”تەوحید غەزنەوی“ و ”میلاد (نازناو نادیار) دوای ئەوەی ناوبراو هەوڵی خۆکوشتنی دابوو لەگەڵ باقی بەندکراوەکان تووشی شەڕ و تێکهەڵچوون بوون و دواتر بۆ ژووری تاکەکەسیی بەندیخانە گوازرابوونەوە.

ئەو چوار بەندکراوە ڕۆژی دووشەممە ٢٩ی ڕەزبەر هاوکات و بە نیشانەی ناڕەزایەتی دەربڕین بە نیسبەت گواستنەوەیان بۆ ژووری تاکەکەسی، بە کەرەستەی تیژ هەوڵی خۆکوشتنیان داوە.

سەرچاوەکانی هەنگاو ڕایانگەیاندووە کە سەرەڕای ئەوەی ئەو بەندکراوانە تووشی خوێنبەربوون بوون ، هێزە ئەمنییەکان ڕژاونەتە ناو بەندەکانیان و بە باتۆم لێیانیان داوە و هەتا کاتی ئامادە کردنی ئەم هەواڵە لە هەر جۆرە خزمەتگوزاراییەکی پزیشکی بێبەش بوون.

ڕۆژی ڕابردووش هەنگاو ڕاپۆرتێکی لەسەر هەوڵی خۆکوشتنی عادڵ موکەڕەم، بەندکراوی سیاسی کورد لەو بەندیخانەیە بڵاو کردبوویەوە.


زیاتر بخوێننەوە لەم بارەوە