لێبوردنی نێودەوڵەتی: نیوەی ئەوانەی لەساڵی ٢٠١٧ لەسێدارە دراون لەئێران بووە کە ٢٣٪ی کورد بوون

ڕێکخراوی جیهانیی لێبوردنی نێودەوڵەتی لە ڕاپۆرتی ساڵانەی خۆی بۆ ساڵی ٢٠١٧ ڕایگەیاندووە کە نیوەی ئەوانەی کە لە ٢٠١٧ دا لەسێدارە دراون لە ئێران بوون

٢٣ خاکەلێوە ٢٧١٨، ١٠:٥٥

 

هەنگاو: ڕێکخراوی جیهانیی لێبوردنی نێودەوڵەتی لە ڕاپۆرتی ساڵانەی خۆی بۆ ساڵی ٢٠١٧ ڕایگەیاندووە کە نیوەی ئەوانەی کە لە ٢٠١٧ دا لەسێدارە دراون لە ئێران بوون و بە پێی ئامارەکانی ”هەنگاو“ ٢٣٪ی ئەو کەسانە کورد بوون.

لێبوردنی نێودەوڵەتی، ڕۆژی پێنج شەممە (٢٣ی خاکەلێوەی ٢٧١٨ / ١٢ ئاوریلی ٢٠١٨)، لە ڕاپۆرتی ساڵانەی خۆی بە نیسبەت بەکاهێنانی حوکمی سێدارە لە ساڵی ٢٠١٧ دا ڕایگەیاند کە ئێران لە بواری لەسێدارەدانی هاووڵاتیان دووهەم وڵاتی جیهان بە ئەژمار دێت.

بەپێی ڕاپۆرتەکە ١٤٢ وڵات بەکارهێنانی حوکمی سێدارەیان لە وڵاتەکەیان هەڵوەشاندوەتەوە و ساڵی ڕابردوو تەنیا لە ٢٣ وڵات ئەو حوکمە جێبەجێ کراوە.

هەروەها هاتووە کە لە ساڵی ڕابردوو ٥٠٧ هاووڵاتی لەئێران لەسێدارە دراون کە زیاترە لە نیوەی ئەو کەسانەی کە لە ئاستی جیهاندا لەسێدارە دراون.

لەلایەکی دیکەوە و بە پشتبەستن بە ئامارەکانی تۆمارکراو لە ناوەندی ئاماری ڕێکخراوی مافی مرۆڤیی “هەنگاو”، لە ساڵی ڕابردوو حوکمی سێدارەی ١١٢ هاووڵاتیی کورد لەئێران جێبەجێ کراوە کە دەکاتە ٢٣٪ کۆی ئەو کەسانەی کە لە ئێران لەسێدارە دراون.

عەرەبستان بە ١٤٦ حاڵەتی سێدارە، عێران بە ١٢٥ حاڵەت و پاکستان بە ٦٠ حاڵەت دوای ئێران جێیان گرتووە.

وڵاتی چین زیاترین ڕێژەی سێدارەی تێدا تۆمار دەکرێت، بەڵام بە هۆی ئەوەی کە ئاماریکی ڕاست لە سەر ڕێژەی لەسێدارە دان لەو وڵاتە بڵاو ناکرێتەوە، لەم ڕاپۆرتەدا وەکوو وڵاتی یەکەم ئاماژەی پێدراوە.

 


زیاتر بخوێننەوە لەم بارەوە