لە ئورمیە دوو برای کورد پێکەوە لە سێدارە دران

٢٥ بەفرانبار ٢٧١٩، ٠٨:٠٣

 

هەنگاو: حوکمی سێدارەی دوو برای کوردی خەڵکی ئورمیە کە بە تۆمەتی کوشتنی ئەنقەست ئەو حوکمەیان بەسەردا سەپابوو، لە بەندیخانەی ناوەندیی ئەو شارە جێبەجێ کرا.

بەپێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، بەرەبەیانی ڕۆژی چوارشەممە ٢٥ی بەفرانباری ٢٧١٩ (١٥ی ژانویەی ٢٠٢٠)، حوکمی سێدارەی دوو برای کورد بە ناوەکانی ”داریوش دەروێشی“ تەمەن ٣٥ ساڵ و ”دانش دەروێشی“ تەمەن ٢٧ ساڵ لە بەندیخانەی ناوەندیی شاری ئورمیە جێبەجێ کرا.

ئەو دوو هاووڵاتییە کوردە پێنج ساڵ پێش بە تۆمەتی کوشتنی دوو برای دیکە لەلایەن هێزە ئەمنییەکانەوە دەستبەسەر و دواتر دەزگای دادوەریی حکوومەتی ئێران حوکمی سێدارەی بەسەریاندا سەپاندبوو. لە ماوەی پێنج ساڵی ڕابردوودا ئەوان لە بەندی ٣_٤ی بەندیخانەی ئورمیە ڕاگیرابوون.

سەرچاوەیەکی ئاگادار لەوبارەوە بە هەنگاوی ڕاگەیاند کە، ئەو دوو برایە خەڵکی گوندی دێلەوەری ناوچەی ئەنزەلی ئورمیە بوون و پێنج ساڵ پێش لە تێکهەڵچوونێکدا دوو برای خەڵکی گوندی ”پیرگول“یان بە ناوەکانی ”عاکف و کەماڵ یووسفی“ کوشتبوو.


زیاتر بخوێننەوە لەم بارەوە