ناڕوون بوونی شوێنی گۆڕی فەرزاد کەمانگەر و هاوڕێیانی پاش ١١ ساڵ لە لەسێدارەدرانیان

هەنگاو: پاش تێپەڕینی ١١ ساڵ لە سێدارەدرانی فەرزاد کەمانگەر، مامۆستای کورد و چوار بەندکراوی سیاسیی دیکە، ه

١٨ بانەمەڕ ٢٧٢١، ٢٢:٣٢

 

هەنگاو: پاش تێپەڕینی ١١ ساڵ لە سێدارەدرانی فەرزاد کەمانگەر، مامۆستای کورد و چوار بەندکراوی سیاسیی دیکە، هێشتا شوێنی گۆڕەکەیان روون نیە لە کوێیە.

 رۆژی یەکشەمە ١٩ی بانەمەڕی ٢٧٢١ ( ٩ی مای ٢٠٢١) بەرانبەرە لە گەڵ یازدەهەمین ساڵیادی لە سێدارەدرانی فەرزاد کەمانگەر، فەرهاد وەکیلی، شیرین عەلەم هوولی، عەلی حەیدرییان و مێهدی ئیسلامییان کە بێ ئاگاداریی پارێزەر و بنەماڵەکانیان و بە شێوەی نهێنی  لە بەندیخانەی ئێڤینی تاران لە سێدارە دران.

ئەو پێنج بەندکراوە سیاسییە رۆژی یەکشەمە ١٩ی بانەمەڕی ٢٧١٠( ٩ی مای ٢٠١٠) لە کاتێکدا بە شێوەی نهێنی لە سێدارە دران کە پرۆسەی یاسایی کەیسەکانیان پڕ بوو لە کەموکۆڕی یاسایی و بە وتەی خەلیل بەهرامییان، پارێزەری فەرزاد کەمانگەر، ئەو کەسانە لە دادگایەکی ٦ خولەکیدا سزای سێدارەیان بە سەردا سەپابوو.

پاش تێپەڕینی ١١ ساڵ لە بەڕێوەچوونی سزای سێدارەی ئەو پێنج بەندکراوە سیاسییە تا ئێستاش تەرمەکانیان نەدراوەتەوە بە بنەماڵەکانیان و تەنانەت ئەو بنەماڵانە نازانن کە گۆڕی رۆڵەکانیان لە کوێیە.

شایانی باسە کە کۆماری ئیسلامیی ئێران لە ماوەی چوار دەیە لە دەسەڵاتدارێتیی خۆیدا بەردەوام خۆی بواردووە لە دانەوەی تەرمی ئەو بەندکراوە سیاسییانە کە لە سێدارە دراون و یان ئەو کەسانەی کە لە شەڕی نێوان سپای پاسداران و هێزەکانی حیزبە کوردییەکانی دژبەری حکوومەتی ئێران گیانیان لە دەست داوە و ئەتوانرێ بوترێ کە کۆماری ئیسلامی تۆمەتبارە بە تاوانی بێسەروشوێن کردنی زۆرەملێ.


زیاتر بخوێننەوە لەم بارەوە