چواردە ساڵ پێش و لە ڕۆژیکی وەکوو ئەمڕۆدا و هاوکات لەگەڵ ڕۆژی جیهانی بەرەنگاربوونەوە لەگەڵ سزای سێدارە، دوو ئامۆزای سنەیی پێکەوە لە سێدارە دران

هەنگاو: چواردە ساڵ پێش و هاوکات لەگەڵ رۆژی جیهانی بەرەنگاربوونەوەی سزای سێدارە، دوو ئامۆزای خەڵکی گوندی شیان سەر بە شاری سنە بە فەر

١٨ ڕەزبەر ٢٧٢١، ١٧:٥٦

 

هەنگاو: چواردە ساڵ پێش و هاوکات لەگەڵ رۆژی جیهانی بەرەنگاربوونەوەی سزای سێدارە، دوو ئامۆزای خەڵکی گوندی شیان سەر بە شاری سنە بە فەرمانی قازی ئەوکاتی دادگای شۆرشی سنە و لە ماوەی ٤٨ کاتژمێر دوای پەسەند کرانی سزای سێدارەکەیان، لە سێدارەدران.

بە گوێرەی هەواڵی گەیشتوو بە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، ئەمرۆ ١٨ی ڕەزبەری ٢٧٢١ (١٠ی ئۆکتۆبری ٢٠٢١) چواردە ساڵ بەسەر جێبەجێ کرانی سزای سێدارەی "نادر محەمەدی" و ئامۆزاکەی بە ناوی "کەیومەرس محەمەدی" لە بەندیخانەی ناوەندی سنە تێدەپەرێت.

نادر محەمەدی تەمەن ٢٩ ساڵ و کەیومەرس محەمەدی تەمەن ٢٨ ساڵ خەڵکی گوندی شیان کە هەردوویان خێزاندار بوون، ڕۆژی یەکشەممە ٢٩ی ڕێبەندانی ساڵی ٢٧٠٦(١٨ی فێوریەی ٢٠٠٧) لەگەڵ دوو هاووڵاتی دیکە بە ناوەکانی "کەریم زارعی و لایەق مورادی" کە هەردوویان خەڵکی گوندی "گەلێن" بوون لەلایەن هێزەکانی ئیتلاعاتی سپای شەهرامفەر دەستبەسەر کران.

ڕۆژی شەممە ١٣ی گەلاوێژی ساڵی ٢٧٠٧ (٤ی ئاگۆستی ٢٠٠٧) ئەم دوو بەندکراوە لەلایەن لقی دووی دادگای شۆرشی سنەوە بە تۆمەتی "موحاربە" لە ڕێگەی هەوڵدانی دژی ئاسایشی نەتەوەیی و ئەندامەتی لە حیزبی دێموکرات و ناساندن و تێرۆری ئەندامی وەفادار بە کۆماری ئیسلامیی ئێران سزای سێدارەیان بەسەردا سەپێندرا کە زۆر بەپەلە لەلایەن دادگای باڵا ئەم سزا پشتڕاست کرایەوە.

پێداگری و بەدواداچوونی دادوەری لقی ١ی دادگای شۆرش، حەسەن بابایی کە یەکێک لە ناوزڕاوترین دادوەرەکانی ساڵانی ڕابردوو لە ئێراندا بووە و ئێستا جێگری دەزگای دادی گشتی پارێزگای تارانە،کاریگەری ڕاستەوخۆی لە جیبەجێ کردنی خێرای سێدارەی ئەم دو کەسەدا هەبووە.

حەسەن بابایی سەرەڕایی نەبوونی بڕیاری یاسایی و دادوەری لە تەواوی قۆناغەکانی دەستبەسەر کران، لێکۆڵینەوە و تا کاتی دەرچونی سزای سێدارە و جێبەجێ کرانی ئەم سزا بە شێوەیەکی چالاکانە خۆی ئامادە بووە.

شایانی باسە ئەم دوو بەندکراوە سیاسیە کوردە تا کاتی بەرێوەچوونی سزای سێدارەیان هیچ مافێکی تایبەت بە بەندکراوانیان نەبووە و بەدواداچوونی دادپەروەرانەیان بۆ نەکراوە و دۆسیەکەیان بەشێوەی بەپەلە لە دادگا بەڕێ کراوە.

جێگای ئاماژەیە کە، هێزەکانی سپا بە شێوەی نهێنی و شاراوەیی تەرمی نادر محەمەدی و کەیومەرس محەمەدیان لە پارچەی ١٠ی بەهەشتی محەمەدی سنە شاردەوە و دوای ئەوەی گۆڕەکانیان بە چیمەنتوو پڕ کردەوە، بنەماڵەکانیان لە شوێنی گۆڕی ئەو دوو کەسە ئاگادار کردەوە.


زیاتر بخوێننەوە لەم بارەوە