جێبەجێکرانی نهێنیی سزای سێدارەی بەندکراوێک لە بەندیخانەی ناوەندیی شیراز

٢٢ خاکەلێوە ٢٧٢٤، ١٧:٣٠

هەنگاو؛ چوارشەممە ٢٢ی خاکەلێوەی ٢٧٢٤

 

سزای لە سێدارەدرانی بەندکراوێک بەناوی عەلیڕەزا مەرزبان، کە پێشتر بە تۆمەتی کوشتنی بە ئەنقەست سزای سێدارەی بەسەردا سەپێندرابوو، بەشێوەی نهێنی لە بەندیخانەی ناوەندیی شیراز جێبەجێکرا.

بەپێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، بەرەبەیانیی ڕۆژی یەکشەممە ١٩ی خاکەلێوەی ٢٧٢٤ (٧ی ئەپریلی ٢٠٢٤)، سزای سێدارەی عەلیڕەزا مەرزبان، تەمەن ٢٧ ساڵ و خەڵکی شیراز لە بەندیخانەی عادڵئاوا (بەندیخانەی ناوەندیی شیراز) جێبەجێکرا.

ئەو بەندکراوە، نزیک بە سێ ساڵ پێشتر دوای پێکدادانێکی بەکۆمەڵ، بە تۆمەتی کوشتن دەستبەسەرکرا و دوای ماوەیەک سزای سێدارەی بەسەردا سەپێندرا.

بەوتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار، جێبەجێکرانی سزای سێدارەی عەلیڕزا مەرزبان، بێ دوایین چاوپێکەوتن لەگەڵ بنەماڵەکەی و بەشێوەی نهێنی جێبەجێکراوە.

هەواڵی لە سێدارەدرانی ئەو بەندکراوە هەتا کاتی داڕشتنی ئەم ڕاپۆرتە، لە میدیا حکومەتییەکان بەتایبەت میدیا نزیکەکان لە دەزگای دادوەرییەوە بڵاو نەکراوەتەوە.


زیاتر بخوێننەوە لەم بارەوە