گواستنەوەی کامران شێخە بۆ ژووری تاکەکەسی؛ مەترسی لەسێدارەدانی حەوتەمین و دوایین تۆمەتباری ئەو دۆسیەیە
هەنگاو؛ پێنجشەممە ٢٧ی بانەمەڕی ٢٧٢٤
کامران شێخە، بەندکراوی مەزهەبیی کورد و خەڵکی مەهاباد بۆ ژووری تاکەکەسی بەندیخانەی قزڵحیساری کەرەج گواسترایەوە و مەترسی جددی جێبەجێ کرانی سزای سێدارەی لە ئارادایە. گواستنەوەی ناوبراو بۆ ژووری تاکەکەسی لە کاتێکدایە کە شەش هاودۆسییەی ناوبراو، پێشتر لەسێدارە دراون.
بەپێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ڕێکخراوەی مافی مرۆڤی هەنگاو، ڕۆژی پێنجشەممە ٢٧ی بانەمەڕی ٢٧٢٤ (١٦ی مەی ٢٠٢٤)، کامران شێخە، بەندکراوی مەزهەبیی کورد و خەڵکی مەهاباد بە مەبەستی جێبەجێ کرانی سزای سێدارە بۆ ژووری تاکەکەسی گواستراوە و مەترسی جێبەجێ کرانی سزای سێدارەی ناوبراو لە ماوەی ڕۆژەکانی داهاتوودا لە ئارادایە. ناوبراو دوایین تۆمەتباری دۆسییەکە کە پێشتر شەش کەسیان لە سێدارە دران.
ئەم حەوت بەندکراوە کوردە لە پرۆسەیک ناڕوون، نادادوەرانە و نایاسایی و بە گوشاری ناوەندە ئەمنییەکان بۆ سەر دەزگای دادوەری سزای سێدارە بە سەریاندا سەپێنرا و هەنگاو سەرەڕای مەترسی جددی لە سێدارەدانی دوایین بەندکراوی ئەم دۆسیەیە، لە هەموو کۆڕبەندە جیهانییەکان و ڕێکخراوەکانی مافی مرۆڤی داواکارە کە ڕێگیری بکەن لە جێبەجێ کرانی سزای کامران شێخە.
کامران شێخە لە کاتێکدا بۆ ژووری تاکەکەسی گواستراوەتەوە کە خەسەرەو بەشارەت، هاودۆسییەی ناوبراو بەرەبەیانی ڕۆژی چوارشەممە ٢٦ی بانەمەڕی ٢٧٢٤ لە شانزدەهەمین ساڵی بەندکرانی، لە بەندیخانەی ناوەندیی قزڵحیساری کەرەج لە سێدارە درا.
جێ ئاماژەیە کە، ڕۆژی چوارشەممە ١٢ی بانەمەڕ، سزای سێدارەی ئەنوەر خزری، پێنجەمین تۆمەتباری ئەم دۆسیەیە لە بەندیخانەی ناوەندیی قزڵحیساری کەرەج و لە بێ دەنگی تەواوی میدیاکاندا، جێبەجێ کرابوو.
پێشتر لە پاییز و زستانی ساڵی ڕابردوو، سزای سیدارەی چوار بەندکراوی دیکەی دۆسییەکە بە ناوەکانی داوود عەبدوڵڵاهی، فەرهاد سەلیمی، ئەیووب کەریمی و قاسم ئابەستە لە بەندیخانەی قزڵحیساری کەرەج جێبەجێ کرابوو.
داوود عەبدوڵڵاهی، فەرهاد سەلیمی، ئەیووب کەریمی، قاسم ئابەستە، خەسەرەو بەشارەت و کامران شێخە، ڕۆژی ١٦ی سەرماوەزی ساڵی ٢٧٠٩ لەلایەن هێزە ئەمنییەکانەوە دەستبەسەرکران و بۆ دەستبەرگەی ئیدارەی ئیتلاعاتی ئورمیە گواسترانەوە.
ئەم بەندکراوانە لەژێر ناوی تۆمەتبارانی دۆسییەی کوشتنی "عەبدوڵڕەحیم تینا"، لەلایەن لقی ٢٨ی دادگای شۆڕشی تاران بە سەرۆکایەتی دادوەر مەقیسە بە تۆمەتانێک وەکوو "چالاکی دژی ئاسایشی نیشتمانی"، "چالاکی تەبلیغی دژ بە حکومەت"، "ئەندامبوون لە گرووپە سەلەفییەکان" و "افساد فی الارض" سزای سێدارەیان بەسەردا سەپێندرا.
شایەنی باسە کە ئەو سزایە کۆتایییەکانی ساڵی٢٧١٦ لەلایەن لقی ٤١ی دیوانی باڵای ئێران بە سەرۆکایەتی دادوەر ڕازینی ڕەت کرایەوە و بەمەبەستی بەدواداچوون بۆ لقی ١٥ی دادگای شۆڕشی تاران گەڕێندراوە. لە جۆزەردانی ساڵی٢٧١٨ ئەم هەفت کەسە بە تۆمەتی "افساد فی الارض" جارێکی دیکە لەلایەن لقی ١٥ی دادگای شۆڕشی تارانەوە بە سەرۆکایەتیی دادوەر سەڵەواتی سزای سێدارەیان بەسەردا سەپا.
ئەو سزا بە گوشاری بەردەوامی ئیدارەی ئیتلاعاتی ئورمیە لەلایەن لقی ٤١ی دیوانی باڵای ئێرانەوە پەسەندکرا و ڕۆژی دووشەممە ١٤ی ڕەشەممەی ٢٧١٩ بەشێوەی فەرمی بە مەحموود وەلیزادە تەباتەبایی، پارێزەری ئەو بەندکراوە مەزهەبییە کوردانە ڕاگەیەندرا. ئەو بەندکراوانە کە لە بەندیخانەی گەوهەردەشت لە بەنددا بوون، ڕۆژی ١٠ی گەلاوێژی ئەمساڵ دوای بەتاڵکردنی ئەو بەندیخانە بۆ بەندیخانەی قزڵحیساری کەرەج گواسترانەوە.