کەرەج؛ جێبەجێکرانی سزای سێدارەی دوو بەندکراوی ئاینیی کورد بە ناوەکانی مەحیەدین عەبدوڵڵاهی و حوسێن پاڵانی

٢٣ پووشپەڕ ٢٧٢٦، ٠٩:٥٠

هەنگاو؛ سێشەممە ٢٤ی پووشپەڕی ٢٧٢٦

سزای سێدارەی دوو بەندکراوی کورد و خەڵکی پارێزگای کرماشان بە ناوەکانی مەحیەدین عەبدوڵڵاهی و حوسێن پاڵانی جاف کە پێشتر بە تۆمەتەکانی پێوەندیدار بە ئەندامێتی لە گرووپە توندڕەوە ئاینییەکان و «بەغی» سزای سێدارەیان بەسەردا سەپێندرابوو، جێبەجێ کرا.

بەپێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، بەرەبەیانی ڕۆژی سێشەممە ٢٣ی پووشپەڕی ٢٧٢٦ (١٤ی تەممووزی ٢٠٢٦)، سزای سێدارەی محیەدین عەبدوڵڵاهی و حوسێن پاڵانی، دوو بەندکراوی ئاینیی خەڵکی سەرپێڵی زەهاو بە تۆمەتی "بەغی" لە بەندیخانەی ناوەندیی کرماشان جێبەجێ کرا.

ئاژانسی هەواڵی "میزان"، ئاژانسی فەرمیی دەزگای دادوەریی ئێران، وێڕای بڵاوکردنەوەی ئەم هەواڵە، هیچ ئاماژەیەکی بە ناوی ئەو بەندیخانەیە نەکردووە کە سزای ئەم دوو بەندکراوەی تێدا جێبەجێ کراوە.

بەوتەی سەرچاوەکانی هەنگاو، ئەم دوو بەندکراوە لە ساڵی ٢٧١٧ی کوردی لەلایەن هێزەکانی ئیتڵاعاتی سوپای پاسدارانەوە دەستبەسەر کرابوون و لەو کاتەوە لە بەندیخانەکانی ڕەجایی‌شار و قەزڵحەساری کەرەج بەندکرابوون.

میدیاکانی سەر بە دامەزراوە ئەمنییەکان و دەزگای دادوەریی کۆماری ئیسلامیی ئێران بانگەشەی ئەوە دەکەن کە ئەم دوو هاووڵاتییە ئەندامی شانە سەر بە گرووپی «داعش» بوون لە ناوچە سنوورییەکاندا کە لە کاتی پێکدادان و گەمارۆدانی سەربازی لەلایەن هێزە حکوومەتییەکانەوە دەستبەسەر کراون. دەزگای دادوەریی حاکمیەت ناوبراوانی بە تۆمەتی «بەغی» (ڕاپەڕینی چەکدارانە دژ بە نیزامی کۆماری ئیسلامیی ئێران) بە سێدارە مەحکووم کردبوو.

تا ئێستا هیچ زانیارییەکی ورد لەسەر چۆنیەتیی پرۆسەی دادگاییکردن و وردەکاریی زیاتری دۆسیەی ئەم دوو بەندکراوە لەبەردەستدا نییە.

سەرچاوە:

زیاتر بخوێننەوە لەم بارەوە