فەرهاد سەلیمی بەندکراوی مەزهەبیی کورد دوای ١٤ ساڵ بەندکران لەسێدارە درا

سزای سێدارەی فەرهاد سەلیمی، بەندکراوی مەزهەبی و خەڵکی شاری سەقز، دوای ١٤ ساڵ بەندکران لە بەندیخانەی قزڵحیساری کەرەج جێبەجێکرا. پێشتریش سی ک

٣ ڕێبەندان ٢٧٢٣، ٠٩:٣٧

 

هەنگاو؛ سێشەممە ٣ی ڕێبەندانی ٢٧٢٣

سزای سێدارەی فەرهاد سەلیمی، بەندکراوی مەزهەبی و خەڵکی شاری سەقز، دوای ١٤ ساڵ بەندکران لە بەندیخانەی قزڵحیساری کەرەج جێبەجێکرا. پێشتریش سی کەس لە هاودۆسییەیەکانی ناوبراو بە ناوەکانی داوود عەبدوڵڵاهی، قاسم ئابستە و ئەیووب کەریمی هەر لەو بەندیخانەیە سزاکەیان جێبەجێکراوە.

بەپێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، ڕۆژی سێشەممە ٣ی ڕێبەندانی ٢٧٢٣ (٢٣ی جەنیوەری ٢٠٢٤)، فەرهاد سەلیمی، بەندکراوی مەزهەبیی کورد و و خەڵکی سەقز کە چواردەیەمین ساڵی بەندکرانەکەی بێ دەستڕاگەیشتن بە مافی مەرەخەسی تێپەڕ دەکرد لە بەندیخانەی قزڵحیساری کەرەج لەسێدارە درا. جێبەجێکرانی سزای سێدارەی ئەم بەندکراوە کوردە لەحاڵێکدا بووە کە دوێنێشەو مافی دوایین چاوپێکەوتنیان بە بنەماڵەکەی نەداوە و وتوویانە سبەی وەرن، ئەمڕۆ کە سەردانی بەندیخانەیان کردووە پێیان ڕاگەیەندراوە کە سزای سێدارەی کوڕەکەتان جێبەجێکراوە.


ڕێکخراوی مافی مرۆڤیی هەنگاو وێرای ئەوەی کە جێبەجێکرانی سزای سێدارەی ئەیووب کەریمی بە توندی شەرمەزار دەکات، ڕایدەگەینێت کە ئەم بەندکراوە سیاسییە لە پرۆسەیەکی ناڕوون، نادادپەروەرانە و نایاسایی لەلایەن دەزگای دادوەریی کۆماری ئیسلامیی ئێرانەوە سزای سێدارەی بەسەردا سەپاوە.

جێبەجێکرانی سزای سێدارەی ئەم بەندکراوە کوردە لە کاتێکدایە کە، فەرهاد سەلیمی لەگەڵ سێ کەس لە هاودۆسیەکانی بەناوی ئەنوەر خزری، خەسرەوە بیشارەت و کامران شێخە، لە ڕۆژی شەممە ٩ی بەفرانباری ساڵی ٢٧٢٣ (٣٠ دیسەمبەری ٢٠٢٣) لە بەندیخانەی قزڵحیساری کەرەج مانیان لە خواردن گرتووە.

ئەو بەندکراوانە بە نیشانەی ناڕەزایەتی دەربڕین سەبارەت بە جێبەجێکرانی سزای داوود عەبدوڵڵاهی، بەندکراوی هاودۆسیەییان و چوونەسەرەوی ئەگەری لەسێدارەدانی خۆیان مانیان لە خواردن گرتووە.

لە ماوەی چەند مانگی ڕابردوودا سزای سێدارەی سێ کەسی دیکە لە هاودۆسیەییەکانی فەرهاد سەلیمی بە ناوەکانی قاسم ئابەستە، داوود عەبدوڵڵاهی و ئەیووب کەریمی هەر لەو بەندیخانەیە جێبەجێکراوە.


فەرهاد سەلیمی، ئەنوەر خزری، قاسم ئابستە، خەسرەوە بیشارەت، کامران شێخە و ئەیووب کەریمی، ڕۆژی ١٦ی سەرماوەزی ٢٧٠٩ لەلایەن هێزە ئەمنییەکانەوە دەستبەسەرکران و بۆ دەستبەسەرگەی ئیدارەی ئیتلاعاتی ئورمیە گواسترانەوە.

ئەو بەندکراوانە بەتۆمەتی دۆسیەی کوژرانی "عەبدولڕەحیم تینا"، لەلایەن لقی ٢٨ی دادگای شۆڕشی تاران بە سەرۆکایەتیی دادوەر مەقیسە بو تۆمەتی وەکوو "کردەوەی دژ بە ئاسایشی نەتەوەیی"، "چالاکی تەبلیغی دژ بە حکومەت"، "ئەندامبوون لە گرووپە سەلەفییەکان" و "افساد فی الارض" سزای سێدارەیان بەسەردا سەپێندرابوو.

دانیشتنی ڕاگەیشتن بە تۆمەتەکانی ئەو ٧ بەندکراوە مەزهەبییە کوردە کۆتایییەکانی ڕەشەممەی ساڵی ٢٧١٥ بەڕێوەچوو و ٥ی خەرمانانی ساڵی ٢٧١٦ سزاکەیان بە شێوەی فەرمی پێڕاگەیەندرا.
 


زیاتر بخوێننەوە لەم بارەوە