قاسم ئابستە بەندکراوی مەزهەبیی کورد لەسێدارە درا

١٤ خەزەڵوەر ٢٧٢٣، ١٥:٣٥

 

هەنگاو؛ یەکشەممە ١٤ی خەزەڵوەری ٢٧٢٣

سزای سێدارەی قاسم ئابستە، بەندکراوی مەزهەبیی کورد و خەڵکی مەهاباد دوای ١٤ ساڵ بەندکران لە بەندیخانەی قزڵحساری شاری کەرەج جێبەجێ کرا.

بەگوێرەی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، بەرەبەیانی ڕۆژی یەکشەممە ١٤ی خەزەڵوەری ٢٧٢٣ (٥ی نۆڤەمبەری ٢٠٢٣ (، قاسم ئابستە بەندکراوی مەزهەبی کورد و خەڵکی مەهاباد، دوای ١٤ ساڵ بەندکران سزای سێدارەکەی لە بەندیخانەی قزڵحساری کەرەج جێبەجێکرا.

ڕێکخراوی مافی مرۆڤیی هەنگاو وێڕای شەرمەزارکردنی ئەم شەرمەزارە، ئەمە بە پێشێلکردنی بنەڕەتیی مافەکانی مرۆڤ دەزانێت و لەسەر بنەمای ئەوەی کە ژیانی مرۆڤ دەبێ جیالە هەر بیروباوەڕ و مەزهەبێک ڕێزی لێ بگیردرێت، مافی باوەڕمەندبوون بە دین یان ئایینێک وەک مافێکی بنەڕەتی دادەنێین کە پێشێلکردنی لەڕێگای سێدارەوە شەرمهێنەرە.

قاسم ئابەستە لە ١٦ی سەرماوەزی ساڵی ٢٧٠٩ لەلایەن هێزە ئەمنییەکانەوە دەستبەسەرکرا و بۆ دەستبەسەرگەی ئیدارەی ئیتلاعاتی ئورمیە گواسترابووەوە.

ناوبراو وەکوو تۆمەتباری ڕیزی ئاخری دۆسیەی کوژرانی "عەبدوڵڕەحیم تینا" لەگەڵ شەش چالاکی مەزهەبیی کوردی دیکە بەناوەکانی داوود عەبدوڵڵاهی، فەرهاد سەلیمی، ئەنوەر خزری، خەسرەو نەشارەت، کامڕان شێخە و ئەیووب کەریمی لەلایەن لەقی ٢٨ی دادگای شۆڕشی تاران بە سەرۆکایەتیی دادوەر مەقیسە بەتۆمەتگەلی وەکوو " چالاکی دژ بە ئاسایشی نەتەوەیی"، "چالاکی دژ بە حکومەت"، "ئەندامبوون لە گرووپە سەلەفییەکان" و "فساد فی الارض" سزای سێدارەیان بەسەردا سەپێندرا.

دانیشتنی پێداچوونەوە بە تۆمەتەکانی ئەو بەندکراوە ئایینییە کوردە ئاخرەکانی مانگی ڕەشەممەی ساڵی ٢٧١٥ بەڕێوەچوو و ٥ی جۆزەردانی ٢٧١٦ سزاکەی بەشێوەی فەرمی ڕاگەیەندرا.

شایەنی باسە کە سزای سێدارەی ئەو بەندکراوە کۆتاییەکانی ساڵی ٢٧١٦ لەلایەن لەقی ٤١ی دیوانی باڵای ئێران بە سەرۆکایەتیی دادوەر ڕازینی ڕەد کراوە و بەمەبەستی پێداچوونەوە ڕەوانەی لەقی ١٥ی دادگای شۆڕشی تاران کرا.
لە جۆزەردانی ٢٧١٨ قاسم ئابەستە و ٦ هاودۆسیەکەی دیکەی بە تۆمەتی "فساد فی الارض" جارێکی دیکە لەلایەن لەقی ١٥ی دادگای شۆڕشی تاران بە سەرۆکایەتی دادوەر ئەبوڵقاسم سەڵەواتی سزای سێدارەیان بەسەردا سەپێندرا.

ئەو سزا بە گوشاری بەردەوامی ئیدارەی ئیتلاعاتی ئورمیە لەلایەن لەقی ٤١ی دیوانی باڵای ئێرانەوە پەسەندکرا و ڕۆژی دووشەممە ١٤ی ڕەشەممەی ٢٧١٩ بەشێوەی فەرمی بە مەحموود وەلیزادە تەباتەبایی، پارێزەری ئەو حەوت بەندکراوە ئایینییە کوردە ڕاگەیێندرا.

ئەو حەوت بەندکراوە لە بەندیخانەی گەوهەردەشت بەندکرابوون و ١٠ی گەلاوێژی ئەمساڵ دوای بەتاڵکردنی ئەو بەندیخانە، بۆ بەندیخانەی قزڵحیساری کەرەج گواسترانەوە.

قاسم ئابەستە لەو ماوەی نزیک بە ١٤ ساڵە کە لە بەندیخانە بووە تووشی شێرپەنجەی تیرۆئید بووە و چەندین جار بە نیشانەی ناڕەزایەتی دەربڕین مانی لە خواردن گرتووە.


زیاتر بخوێننەوە لەم بارەوە