سزای سێدارەی ئامانج کاروانچی و ئەرسەلان شێخی، دوو بەندکراوی مەزهەبیی کورد لە ئێران جێبەجێ کرا
هەنگاو، شەممە ٤ی ڕێبەندانی ٢٧٢٥
سزای سێدارەی ئامانج کاروانچی و ئەرسەلان شێخی (عەبدولڕەحمان)، دوو بەندکراوی مەزهەبیی کورد لە بەندیخانەی قزڵحەساری کەرەج و بەبێ مافی ئەنجامدانی دوایین دیدار لەگەڵ بنەماڵەکانیان جێبەجێ کرا.
بەپێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، ڕۆژی شەممە ٤ی ڕێبەندانی ٢٧٢٥ (٢٤ی ژانوییەی ٢٠٢٦)، سزای سێدارەی دوو بەندکراوی مەزهەبیی کورد بە ناوەکانی ئامانج کاروانچی و ئەرسەلان شێخی لە بەندیخانەی قزڵحەساری کەرەج جێبەجێ کرا.
میزان، میدیای فەرمیی دەزگای دادوەریی کۆماری ئیسلامیی ئێران ئاماژەی بە شوێنی جێبەجێکردنی سزاکە نەکردووە و ئیدیعای کردووە کە ئەوان "داعش" بوون و دەستیان لە "بۆمبداڕشتنێکدا" هەبووە.
هەنگاو لە ڕێگەی سەرچاوە ئاگادارەکانەوە زانیویەتی کە ئێوارەی هەینی ٣ی ڕێبەندان پێنج بەندکراوی مەزهەبی بۆ جێبەجێکردنی سزا بۆ ژووری تاکەکەسیی قزڵحەسار گواستراونەتەوە کە دوو کەسیان ئامانج کاروانچی و ئەرسەلان شێخی بوون.
ئەم سەرچاوانە زیادیان کردووە کە ئەم پێنج زیندانییە بەهۆی تێکهەڵچوون لەگەڵ کاربەدەستانی بەندیخانە، بە شێوەی فیزیکی لەگەڵیان بەشەڕ هاتوون و بە توندی لێیان دراوە. هیچ زانیارییەک لەسەر چارەنووسی سێ بەندکراوی دیکە لەبەر دەستدا نییە.
پێشتر هەنگاو هەواڵی بڵاو کردبووەوە کە ئەرسەلان شێخی لەگەڵ هاوژینەکەی نەسیمە ئیسلامزەهی و زیندانییەکی دیکە بە ناوی حەسەن، کە هەردووکیان لە بەندیخانەی ئەوین دەستبەسەرن، لە دۆسیەیەکی هاوبەشدا لەلایەن لقی ١٥ی دادگای شۆڕشی تاران بە سەرۆکایەتیی دادوەر ئەبولقاسم سەڵەواتی، بە تۆمەتی "مۆحارەبە" سزای سێدارەیان بەسەردا سەپاوە.