خۆکوژی بەندکراوێکی کورد لە بەندیخانەی رەجایی شار

١٧ سەرماوەز ٢٧١٦، ١٩:٣٦
هەنگاو: بەندکراوێکی کوردی خەڵکی کوهدەشتی لوڕستان کە سزای زیندانی هەتاهەتایی هەبوو دەستی دایە خۆکوژی. بەپێی ڕاپۆرتی ماڵپەڕی مافی مرۆڤیی "هەنگاو"، شەوی رابردوو ١٦ی سەرماوەز، بەندکراوێکی کوردی خەڵکی کوهدەشتی پارێزگای لوڕستان بەناوی "ئەبووزەڕ حەواسی زادە" لە بەندیخانەی رەجایی شاری کەرەج دەستی دایە خۆکوژی و کۆتایی بە ژیانی خۆی هێنا. سەرچاوەیەکی ئاگادار بە هەواڵنێری "هەنگاو"ی ڕاگەیاند کە ئەبووزەر لەریگەی خواردنی حەب  دەستی داوەتە خۆکوژی و پێش لە گەیشتن بە ناوەندە دەرمانییەکان گیانی لە دەست داوە. ئەبووزەر حەواسی زادە ساڵی ٢٩٠٧ی کوردی (١٣٨٦ی هەتاوی) بە تۆمەتی " دزیی چەکدارانە دەستبەسەر و لەوکاتەوە هەتا ئێستا لە بەندیخانەی رەجایی شاری کەرەج ڕاگیراوە. ناوبراو سەرەتا لەلایەن دەزگای دادوەرەیی ڕێژیمی ئێرانەوە سزای دژە مرۆڤیی "سێدارە"ی بەسەردا سەپێندرا و دواتر لەدادگای پیداچوونەوەدا ئەو سزایە بۆ زیندانی هەتاهەتایی کەم کرایەوە. هەتا ئێستا هۆکاری خۆکوژیی ئەو بەندکراوە کوردە ئاشکرا نەبووە و هەوڵەکانی "هەنگاو" لەو پەیوەندییەیدا بێ ئاکام ماوەتەوە. بەپشتبەستن بە ئاماری تۆمارکراو لەناوەندی ئاماری ماڵپەڕی مافی مرۆیی "هەنگاو" لەماوەی چەند ساڵی رابردوودا لانیکەم ٤٠ بەندکراوی کورد لە بەندیخانەکانی رێژیمی ئێران بە شیوەیەکی گوماناوی گیانیان لە دەست داوە و یان دەستیان داوەتە خۆکوژی. ئەم ئامارە بە زانیاری ورد لە سەر بەندکراوەکان بە زوویی لەلایەن "هەنگاو"وەوە بڵاو دەکرێتەوە.

زیاتر بخوێننەوە لەم بارەوە