بەندیخانەی مەهاباد؛ بەردەوامیی دەستبەسەربوونی خالید مێهماندووست سەرەڕای پێداگریی دکتۆرەکەی لەسەر ئازادیی ناوبراو

٢٨ جۆزەردان ٢٧٢٤، ١٤:٤٠

هەنگاو؛ دووشەممە ٢٨ی جۆزەردانی ٢٧٢٤

خالید مێهماندووست، هاووڵاتیی کورد و خەڵکی شاری مەهاباد کە دوایین ڕۆژانی چوارەمین مانگی دەستبەسەربوونی لە بەندیخانەی مەهاباد تێپەڕ دەکات، لە بارودۆخێکی دەروونی و جەستەیی ناجێگیردا بەسەر دەبات. ئەو هاووڵاتییە جارێک هەوڵی خۆکوشتنی دابوو و دکتۆرەکەی پێداگری کردووە کە ناوبراو توانایی تێپەڕکردنی سزای بەندکرانەکەی نییە.

بەپێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، خالید مێهماندووست، هاووڵاتیی خەڵکی مەهاباد دوای گواستنەوەی لە دەستبەسەرگەی ئیدارەی ئیتلاعات بۆ بەندیخانەی ناوەندیی مەهاباد، هەوڵی خۆکوشتنی داوە و بارودۆخی تەندروستیی ناجێگیرە.

بەوتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار، خالید مێهماندووست، دوو خولی لێپرسینەوەی لەگەڵ ئەشکەنجەدران سەرەتا لە دەستبەسەرگەی ئیتلاعاتی سوپای مەهاباد و دواتر لە دەستبەسەرگەی ئەو ناوەندە ئەمنییە لە ئورمیەدا تێپەڕ کردووە.

هەنگاو لە ڕێگای سەرچاوەکانی خۆیەوە ئاگادار کراوەتەوە کە، لە دوای ناجێگیربوونی بارودۆخی خالید مێهماندووست و هەوڵی خۆکوشتنی، دوکتۆری دەمارەکانی ناوبراو پێداگری لەسەر ئەوە کردووە کە بەردەوامیی دەستبەسەربوونی ئەو بەندکراوە دەبێتە هۆی دووبارە بوونەوەی هەوڵی خۆکوشتن و لەدەستدانی گیانی. سەرەڕای تەواوی ئەوانەش دادوەری بەندیخانەکە لە ئازادبوونی ئەو هاووڵاتییە ڕێگری کردووە.

هەروەها خالید مێهماندووست لە بەشی سیستەمی هەرسی و میزڵدان کێشەی هەیە و هەر دووی ئەو کێشانە پێویستیان بە چارەسەری خێرای پزیشکی هەیە. ناوبراو لە ماوەی سێ مانگ لە دەستبەسەربوون و لێپرسینەوەیدا لە دەستبەسەرگەی ئیتلاعاتی سوپا مافی هیچ چەشنە پەیوەندی و چاوپێکەوتنێکی لەگەڵ بنەماڵەکەیدا نەبووە.

شایەنی باسە کە، خالید مێهماندووست، کۆتاییەکانی مانگی ڕێبەندانی ساڵی ڕابردوو لەلایەن هێزە ئەمنییەکانی ئیتلاعاتی سوپای پاسدارانەوە دەستبەسەر کرا و بۆ دەستبەسەرگەی ئەو ناوەندە ئەمنییە لە مەهاباد و ئورمیە گواسترایەوە و لە ئاکامدا بۆ بەندیخانەی ناوەندیی مەهاباد بەڕێ کرا.


زیاتر بخوێننەوە لەم بارەوە