بەندکراوێکی کورد لە بەندیخانەی مەریوان هەوڵی خۆکوژی دا

١٤ ڕەزبەر ٢٧١٧، ٢٣:٥٧

هەنگاو: یەکێک لە بەندکراوانی کورد کە پاش ڕیفراندۆمی باشووری کوردستان دەستبەسەر کرابوو بە هۆی ئازار و ئەشکەنجەی هێزە ئەمنییەکانەوە هەوڵی خۆکوژی دا.

بەپێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ڕێکخراوی مافی مرۆڤیی ”هەنگاو“، شەوی پێنج شەممە ١٣ی ڕەزبەر، بەندکراوێکی کوردی خەڵکی ئیلام بە هۆی ئازار و ئەشکەنجەی هێزە ئەمنییەکانەوە بە چەقۆ هەوڵی خۆکوژی دا.

هەواڵنێری ”هەنگاو“ لەشاری مەریوان ناسننامەی ئەو بەندکراوە کوردەی ”پوریا جەوادی“ تەمەن ٢٥ ساڵ و خەڵکی ئیلام ڕاگەیاندووە.

پوریا هۆی بەشداری لە شایی و خۆشی دوای سەرکەوتنی ڕیفراندۆمی باشووری کوردستان لەلایەن هێزە ئەمنییەکانی ئیلامەوە دەستبەسەر و دەستبەجێ ڕەوانەی بەندیخانەی مەریوان لە پارێزگای سنە کرابوو.

هەواڵنێری ”هەنگاو“ ڕوونیشی کردەوە کە ئەو بەندکراوە کوردە بە هۆی ئازار و ئەشکەنجەی هێزە ئەمنییەکانەوە بە چەقۆ سینگ و ملی خۆی بە سەختی بریندار کردووە و ئێستا لە یەکێک لە ناوەندە دەرمانییەکانی شاری مەریوان لە ژێر چاوەدێریی پزیشکیدایە.

بە پشتبەستن بە ئاماری تۆمارکراو لە ناوەندی ئاماری ”هەنگاو“، لەدوای بەڕێوەچوونی ڕیفراندۆمی باشووری کوردستان زیاتر لە٧٠٠ هاووڵاتیی کورد لەلایەن هیزە ئەمنییەکانەوە دەستبەسەر کراون کە هەتا ئێستا ناسننامەی زیاتر لە ١٥٠ کەسیان بۆ ”هەنگاو“ ئاشکرا بووە.


زیاتر بخوێننەوە لەم بارەوە