درێژەی بێسەروشوێنکردنی زۆرەملێی عوسمان مامە لە دەستبەسەرکراوانی بزووتنەوەی ژن ژیان ئازادی پاش سێ ساڵ

٢٤ خەزەڵوەر ٢٧٢٥، ٢١:٢٦

هەنگاو؛ شەممە ٢٤ی خەزەڵوەری ٢٧٢٥

لە کاتێکدا سێ ساڵ لە بێسەروشوێنکرانی عوسمان مامە هاووڵاتیی کورد و خەڵکی بۆکان و لە دەستبەسەرکراوانی شۆڕشی ژن ژیان ئازادی تێدەپەڕێ؛ تا ئێستا هیچ ناوەندێکی حکوومەتی بەرپرسیارێتیی ئەو تاوانەی وەئەستۆ نەگرتووە و ژیانی ئەندامانی بنەماڵەی ئەو هاووڵاتییە بە تەواوەتی لەژێر کاریگەری داناوە..

بەپێی ڕاپۆرتی هەنگاو، عوسمان مامە، لباوکی دوو منداڵ و خەڵکی بۆکان سێ ساڵ پێش و لە ڕەوتی بزووتنەوەی ژن ژیان ئازادی دەستبەسەر کراوە و تا ئێستاش چارەنووسی نادیارە.

بە وتەی ئەردەڵان مامە، کوڕی عوسمان مامە، دوایین وەڵامی ناوەندە ئەمنییەتی و دادوەرییەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێران ئەوە بووە کە «دۆسیەکەی پەیوەستە بە وەزارەتی ئیتلاعات.» ئەم ناوەندەش هیچ وەڵامێکی سەبارەت بەو باسە نەداوەتەوە.

ئەوە لە کاتێکدایە شەهێن عەبدولقادری، هاوژینی ٥٤ ساڵەی عوسمان مامەش لە ٧ی ڕەزبەری ٢٧٢٢ لە سەردەمی شۆڕشی ژن ژیان ئازادی لە پشتەسەرەوە  لە مەودایەکی نزیکەوە بە ٣٠٠ فیشەکی ساچمەیی پێکرا و تا ئێستاش بەدەست شوێنەواری جەستەیی و دەروونیی ئەم ڕووداوەوە، ئازار دەکێشێت.

هەروەها ئەردەڵانی مامە هەر لەو سەردەمەدا بە تەقەلێکردنی ٢٠ فیشەکی ساچمەیی هێزە حکوومەتییەکان بریندار کرا و ئەم بریندارییە بە هۆی درەنگیی لە چارەسەریی پێکرانەکە، لەسەر دۆخی تەندروستیی ناوبراو کاریگەر بووە.

ئەندامانی بنەماڵەی عوسمان مامە لە کۆتاییدا ناچار کراون ئێران جێ بهێڵن بەڵام لێکەوتەی گوشارەکان، بانگکرانەکان و ئەشکەنجەکانی ناوەندە ئەمنیەتییەکان بەردەوام لەسەر ژیانیان شوێندانەریی بووە.

عوسمان مامە تەنانەت یەک پەیوەندیی تەلەفونی لەگەڵ بنەماڵەی نەبووە و هیچ بەڵگە و نیشانێک لەو، پاشی ڕفاندنی لە لایەن ناوەندە ئەمنیەتییەکانی کۆماری ئیسلامییەوە لە ئارادا نییە.

شیاوی ئاماژەپێدانە عوسمان مامە، تا ماوەیەک بەر لەوەی قوربانیی بیسەروشوێنکران ببێت؛ وەک کرێکار لە کارگەی پەروەردەی مریشک لە دووکانی هەرێمی کوردستان خەریکی ئیش بوو.

عوسمان مامە، دانیشتووی شاری بۆکان، نیوەشەوی ڕۆژی هەینی ٢٧ی خەزەڵوەری ٢٧٢٢(١٨ی نۆوامبری ٢٠٢٢)، لە کاتی گەڕانەوە بۆ ماڵ لەلایەن هێزەکانی ئەمنیەتیی کۆماری ئیسلامیی ئێرانەوە دەڕفێندرێت و تا ئێستا چارەنووسی نادیارە.

بێسەروشوێنکردنی قەهری و زۆرەملی یەک لە شێوەکانی تاوانگەلی دژە مرۆڤانە بە هەژمار دێت کە لەودا کەسێک لە لایەن دەسەڵات یان ڕێکخراوەیەکی سیاسی دەسبەسەر و دەشاردرێتەوە، بەبێ ئەوەی هیچ زانیارییەک سەبارەت چارەنووس یان شوێنی ڕاگرتنی، بنەماڵە یان کۆمەڵگا لێی ئاگادار بکرێتەوە.

سەرچاوە:

زیاتر بخوێننەوە لەم بارەوە