شیراز؛ حوسێن حوسێن‌پوور، لە ناڕازییانی برینداربووی چاو، بەمەبەستی چارەسەری پزیشکی مافی مەرەخەسی پێدرا

٢٠ خاکەلێوە ٢٧٢٤، ١٩:١٧

هەنگاو؛ دووشەممە ٢٠ی خاکەلێوەی ٢٧٢٤

حوسێن حوسێن‌پوور، ناڕازیی برینداربووی کورد و خەڵکی مەهاباد کە لە ڕەوتی بزووتنەوەی ژن ژیان ئازادی، چاوی ڕاستی بە تەقەی ڕاستەوخۆی هێزە ئەمنییەکان لەدەستدابوو، دوای ٧ مانگ و چوار ڕۆژ دەستبەسەرکران بەدانانی بارمتە مافی مەرەخەسی پێدرا.

بەپێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، ڕۆژی یەکشەممە ١٩ی خاکەلێوەی ٢٧٢٤ (٧ی ئەپریلی ٢٠٢٤)، حوسێن حوسێن‌پوور، ناڕازیی برینداربوو، دوای ٢١٤ ڕۆژ دەستبەسەرکران لە بەندیخانەی ناوەندیی شیراز بەمەبەستی بەدواداچوون لەسەر چارەسەری پزیشکی بۆ چاوی و بەدانانی بارمتە مافی مەرەخەسی پێدرا.

حوسێن حوسێن‌پوور بەهۆی دواخستنی چارەسەری وەرگرتن و پێڕانەگەیشتنی پزیشکی لە بەندیخانە، تووشی هەوکردنی چاو، نەخۆشیی جەرگ و پێست و نەخۆشیی شەکرە بووە.

دکتۆری حوسێن حوسێن‌پوور، پێشتر پێداگری لەسەر ئەوە کردبوو کە چەند ساچمە لە گوێ و سەری ناوبراودا ماوەتەوە کە تا کاتی بەتەواوی دەرهێنانی چاوی برینداربووی، ناتوانن ئەو ساچمانە دەربهێنن.

شایەنی باسە کە، ناوبراو مانگی سەرماوەزی ساڵی ٢٧٢٤، لەلایەن لقی دووی دادگای شۆڕشی نوورئاوا بە تۆمەتی "چالاکی تەبلیغی دژ بە کۆماری ئیسلامی ئێران لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان" سزای یەک ساڵ بەندکرانی بەسەردا سەپێندرابوو کە لە ئاکامدا دوای تەسلیم بە ڕای ئەو سزایە، بۆ ١١ مانگ داشکێندرا.

ئەو خۆپیشاندەرە دەستبەسەرکراوە، ڕۆژی سێشەممە ٢٥ی ڕەزبەری ٢٧٢٣ (١٧ی ئۆکتۆبەری ٢٠٢٣)، لە دەستبەسەرگەی ناوەندە ئەمنییەکان بە پێبەند و دەستبەندەوە بۆ نەخۆشخانەی "خەلیلی"ی شیراز گواسترایەوە.

حوسێن حوسێن‌پوور، مانگی گەڵاڕێزانی ٢٧٢٣، بەنیشانەی ناڕەزایەتی دەربڕین سەبارەت بە پێنەدانی مافی مەرەخەسی و پێڕانەگەیشتنی پزیشکی بۆ ماوەیەک مانی لە خواردن گرت.

ناوبراو ئێوارەی چوارشەممە ١٥ی خەرمانانی ئەو ساڵە لە جاددەی نوورئاوای مەمسێنی بەرەو گەچساران لەلایەن ئیتلاعاتی سوپاوە دەستبەسەر کرا و دوای ماوەیەک بۆ بەندیخانەی ناوەندیی شیراز گواسترابووەوە.

ئەو هاووڵاتییە کە لە قوربانییانی تەقەی بەئەنقەستی هێزە ئەمنییەکانی کۆماری ئیسلامی ئێرانە لە ڕەوتی بزووتنەوەی ژن ژیان ئازادی، چاوی ڕاستی لەدەستدا.


زیاتر بخوێننەوە لەم بارەوە