بەندیخانەی نەغەدە؛ بەردەوامیی دەستبەسەرکردن و گواستنەوەی دووبارەی سادق مەحموودنژاد بۆ ئیدارەی ئیتلاعات

٢٠ خەزەڵوەر ٢٧٢٥، ٢٣:١٩

هەنگاو؛ سێشەممە ٢٠ی خەزەڵوەری ٢٧٢٥

سادق مەحموودنژاد، یەکێک لە برینداربووانی بزووتنەوەی "ژن، ژیان، ئازادی" کە لە ڕەوتی شەڕی ئێران و ئیسرائیلدا لە لایەن هێزەکانی ئیدارەی ئیتلاعاتەوە لە پیرانشار دەستبەسەر کرابوو، دوای نزیکەی پێنج مانگ دەستبەسەری لە بەندیخانەی نەغەدە، بەمەبەستی لێکۆڵینەوە بۆ گرتووخانەی ئیدارەی ئیتلاعات گواستراوەتەوە.

بەپێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، ڕۆژی دووشەممە ١٩ی خەزەڵوەری ٢٧٢٥ (١٠ی نۆڤەمبەری ٢٠٢٥)، سادق مەحموودنژاد، تۆمەتباری سیاسیی ٣٥ ساڵەی خەڵکی پیرانشار، دوای ١٤٥ ڕۆژ دەستبەسەری، بۆ لێکۆڵینەوە گوازرایەوە بۆ گرتووخانەی ئیدارەی ئیتلاعاتی ئورمیە.

سادق مەحموودنژاد ڕۆژی پێنجشەممە ٢٩ی جۆزەردانی ٢٧٢٥، لە کاتی شەڕی ١٢ ڕۆژەی ئیسرائیل و کۆماری ئیسلامیی ئێراندا لە لایەن هێزەکانی ئیدارەی ئیتلاعاتەوە لە پیرانشار دەستبەسەر و دوای کۆتایی هاتنی قۆناغەکانی لێکۆڵینەوە، بۆ بەندیخانەی نەغەدە گوزارابۆوە.

هەنگاو ئاگادار کراوەتەوە کە دۆسیەی سادق مەحموودنژاد لە لقی ٩ی دادسەرای گشتی و شۆڕشی ئورمیە بە سەرپەرشتیی لێکۆڵەری لقی سێیەم، لە قۆناغی بەدواداچووندایە و تۆمەتی فەرمیی دژی ناوبراو «سیخوڕی کردن لە ڕێگەی ناردنی زانیاری شوێنە سەربازییەکان بۆ حیزبی دێموکرات و ئەندامبوون لە حیزبی دێموکرات» ڕاگەیێندراوە.

سادق مەحموودنژاد، پێشتر لە لایەن دادگای شۆڕشی مەهابادەوە بە تۆمەتی «ئەندامبوون لە حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران» و «پڕوپاگەندە دژی حكوومەت» بە کۆی گشتی، سزای پێنج ساڵ و شەش مانگ بەندکرانی بەسەردا سەپێنرابوو و ڕۆژی سێشەممە ١٢ی بەفرانباری ٢٧٢٣ (٢ی جەنیوەری ٢٠٢٤)، دوای بانگکران لە لایەن لقی جێبەجێکردنی سزاکانی دادگای پیرانشار دەستبەسەر و بۆ جێبەجێکردنی سزای بەندکرانەکەی بۆ بەندیخانەی ناوەندیی نەغەدە گوازرابۆوە.

ناوبراو پێشتر، لە لایەن لقی ١٠٢ی دادگای کەیفەریی دووی پیرانشارەوە بە تۆمەتی "تێکدانی نەزم و ئاسایشی گشتی لە ڕێگەی بەشداریکردن لە خۆپیشاندانەکان" سزای سێ مانگ بەندکرانی تەعزیری و ٣٠ قامچی بەسەردا سەپێنرا، کە ئەم حوکمە گۆڕدرا بۆ پێدانی هەشت ملیۆن تمەن سزای نەقدی.

سادق مەحموودنژاد ڕۆژی دووشەممە ١٢ی پووشپەڕی ٢٧٢٣ (١٤٠٢ی هەتاوی)، لە لایەن هێزە ئەمنییەکانەوە لە ماڵی خۆی دەستبەسەر و ڕۆژی ٥ی گەلاوێژی هەمان ساڵ بە دانانی بارمتەی ٤ ملیار تمەنی بە شێوەی کاتی تا کۆتایی قۆناغەکانی دادگاییکردن ئازاد کرا.

سادق مەحموودنژاد، خێزاندار و باوکی یەک منداڵ، خەڵکی گوندی «جێران»ی سەر بە پیرانشارە کە ئێوارەی ٣٠ی خەرمانانی ٢٧٢٢ (١٤٠١ی هەتاوی)، لە کاتی بزووتنەوەی ژن ژیان ئازادی لە پیرانشار لە مەیدانی "مامۆستا هەژار"ی ئەو شارە بە تەقەی ڕاستەوخۆی هێزە ئەمنییەکان لە بەشی چاویەوە بریندار کرا.

شایانی باسە کە، سەرەڕای ئەوەی سادق مەحموودنژاد، لە چەند قۆناغدا لە نەخۆشخانەکانی خومەینیی ورمێ، فارابیی تاران و «ئیمام سجاد»ی ڕامسەر نەشتەرگەریی چاوی بۆ کرا، بەڵام بینینی چاوی چەپی بە شێوەیەکی زۆر تا ڕادەی ٢٠ لە سەد کەم بۆتەوە.

سەرچاوە:

زیاتر بخوێننەوە لەم بارەوە