بەندیخانەی دیزڵئاوا؛ بەردەوامیی دەستبەسەرکران و ناڕوونی چارەنووسی خالید مەحموودی

١٦ پووشپەڕ ٢٧٢٤، ١٦:٤٤

هەنگاو؛ شەممە ١٦ی پووشپەڕی ٢٧٢٤

خالید مەحموودی، هاووڵاتیی خەڵکی ڕوانسەر کە ئەمساڵ بۆ دووەمین جار لەلایەن هێزە ئەمنییەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێران لە شاری جوانڕۆ دەستبەسەر کراوە تا ئێستا چارەنووسی نادیارە و لە بەندیخانەی دیزڵئاوا دەستبەسەرە. ناوبراو لە دەستبەسەرکراوانی بزووتنەوەی "ژن ژیان ئازادی" بووە.

بەپێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، خالید مەحموودی، تەمەن ٢٠ ساڵ و خەڵکی گوندی "شانڕەش" سەر بە شاری ڕوانسەر و دانیشتووی جوانڕۆ، یەک مانگ و ١٨ ڕۆژی ڕابردووی لە بەندیخانەی دیزڵئاوای کرماشان تێپەڕ کردووە و تا ئێستا چارەنووسی نادیارە.

خالید مەحموودی، ڕۆژی ٢٨ی بانەمەڕی ٢٧٢٤ (١٧ی مەی ٢٠٢٤)، لەلایەن هێزەکانی ئیدارەی ئیتلاعات و بەبێ نیشاندانی هیچ بەڵگەیەکی دادوەری لە یەکێک لە شەقامەکانی جوانڕۆ دەستبەسەر کرا و دواتر بۆ بەندیخانە گواسترایەوە.

سەرەڕای تێپەڕبوونی ٥٠ ڕۆژ لە کاتی دەستبەسەرکرانی ناوبراو، هێشتا لە هۆکارەکانی دەستبەسەرکران و ئەو تۆمەتانەی دراونەتە پاڵی، زانیارییەک لەبەر دەستدا نییە.

ناوبراو ڕۆژی سێشەممە ١ی سەرماوەزی ٢٧٢٢ (٢٢ی نۆڤەمبەری ٢٠٢٢)، لە ڕەوتی بزووتنەوەی ژن ژیان ئازادی لەلایەن هێزە ئەمنییەکانەوە دەستبەسەر کرا و بۆ بەندیخانەی دیزڵئاوای کرماشان گواسترایەوە و دوای زیاتر لە چوار مانگ دەستبەسەربوون، لە ڕێکەوتی ٦ی خاکەلێوەی ٢٧٢٣، بەدانانی بارمتە و بەشێوەی کاتی لەو بەندیخانەیە ئازاد کرا.

خالید مەحموودی لە ماوەی دەستبەسەربوونیدا لە سەرەکیترین مافەکانی خۆی بێبەش کرابوو و بە هاوکاری لەگەڵ حیزبە کوردستانییەکانی ئۆپۆزیسیۆن تۆمەتبار کرابوو. ئەو هاووڵاتییە هەروەها بەسەختی لەلایەن هێزە ئەمنییەکانەوە ئەشکەنجە درابوو و ناچار بە دانپێدانانی زۆرەملێی دژ بەخۆی کرا کە ئەو دانپێدانانە لە دەنگ و ڕەنگی کۆماری ئیسلامیدا بڵاو کرابووەوە.


زیاتر بخوێننەوە لەم بارەوە