بێسەروشێنکردنی زۆرەملێی سێ چالاکی ئایینی لە سنە بۆ ماوەی ٢٠ مانگ

٢٥ خاکەلێوە ٢٧٢٤، ١٠:٢٦

هەنگاو؛ شەممە ٢٥ی خاکەلێوەی ٢٧٢٤

سێ چالاکی ئایینیی کوردی سونە مەزهەب و خەڵکی سنە بە ناوەکانی شەهرام عیبادیان، ئەفشین ئەحمەدی و جەمشید ئەحمەدی لە ماوەی یەک ساڵ و ٨ مانگی ڕابردوودا، لەلایەن هێزە ئەمنییەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێرانەوە دەستبەسەر کراون و بەپێی زانیاری و بەدواداچوونەکان، بێسەروشوێن کراون.

بەپێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، شەهرام عیبادیان و دوو ژن برای ناوبراو بە ناوەکانی ئەفشین و جەمشید ئەحمەدی، هەر سێ خێزاندار و باوکی منداڵ و دانیشتووی سنە، لە ٢٠ مانگ پێشەوە لەلایەن هێزە حکومەتییەکانەوە دەستبەسەرکراون و هیچ زانیارییەکی ورد لەسەر شوێنی ڕاگرتن و دۆخی تەندروستییان لەبەر دەستدا نییە.

بەوتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار و نزیک لە بنەماڵەی ئەو چالاکە مەزهەبییانە، ئەو سێ کەسە لە ماوەی نزیک بە یەک ساڵ و هەشت مانگی ڕابردوو لە دەستبەسەرکرانیان، تەنانەت پەیوەندییەکی تەلەفۆنیشیان لەگەڵ بنەماڵەکەیاندا نەبووە.

ئەو سەرچاوە هەروەها ڕایگەیاندووە کە بەدواداچوونی بەردەوامی بنەماڵەکانی شەهرام عیبادیان، ئەفشین و جەمشید ئەحمەدی لە ناوەندە دادوەری و ئەمنییەکانی کۆماری ئیسلامی هیچ ئاکامێکی نەبووە و تەواوی هەوڵەکانیان بێ وەڵام ماونەتەوە.

هەروەها، کەسانێک کە بۆ بەدەست هێنانی زانیاری لەسەر دۆخی ئەو سێ چالاکە مەزهەبییە بەدواداچوون دەکەن، لەلایەن ئیدارەی ئیتلاعاتی سنەوە، سەبارەت بە میدیایی کردنەوەی بێسەروشوێنکردنی زۆرەملێی ئەو سێ هاووڵاتییە و ڕۆڵی ڕاستەوخۆی ئەو ناوەندە حکومەتییە لە بێسەروشوێنکردنیاندا هەڕەشەیان لێکراوە.

شایەنی باسە کە، شەهرام عیبادیان لە ساڵانی ڕابردوودا و پێش بێسەروشوێنکردنی زۆرەملێی، لانی کەم سێ جار لەلایەن هێزە ئەمنییەکانی کۆماری ئیسلامی ئێرانەوە دەستبەسەرکراوە.

هەنگاو ئاگادار کراوەتەوە کە، ئۆتۆمبێلی شەهرام عیبادیان کە لە کاتی ڕۆیشتنی بۆ ئیدارەی ئیتلاعات دەستی بەسەردا گیرابوو، دوای تێپەڕبوونی چەند مانگ لە یەکێک لە شەقامەکانی شاباد سەر بە پارێزگای کرماشان، بێ هیچ چەشنە گۆڕان یان زەربەیەک بیندراوەتەوە.

ئەفشین و جەمشید ئەحمەدی، پێشتر پیشەی میوەفرۆشییان دەکرد و زاواکەیان، شەهرام عیبادیان، لە ڕێگەی دەستفرۆشییەوە بژێوی ژیانی دابین دەکرد.

هەروەها، کەسانی پەیوەندیدار بە ئیدارەی ئیتلاعاتی سنەوە، دووکانی جلوبەرگی هاوسەری شەهرام عیبادیان داخستووە و ئەو بنەماڵە لە بارودۆخێکی سەختی ئابووریدا بەسەر دەبەن.

ئەفشین ئەحمەدی و جەمشید ئەحمەدی، ڕۆژی پێنجشەممە ٢٧ی گەلاوێژی ٢٧٢٢ (١٨ی ئاگۆستی ٢٠٢٢)، لەبەر چاوی خەڵک لە مزگەوتی ئیرشادی سنە لەلایەن هێزە ئەمنییەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێرانەوە بە لێدان و کوتان دەستبەسەر کران و بۆ شوێنێکی نادیار گواسترانەوە.

بە مەودای یەک ڕۆژ، شەهرام عیبادیان زاوای ئەو دوو هاووڵاتییە دوای ڕۆیشتن بۆ ئیدارەی ئیتلاعات بەمەبەستی بەدواداچوون لەسەر بارودۆخی ژن براکانی، دەستبەسەرکرا و ئۆتۆمبێلەکەشی دەستی بەسەردا گیرا.


زیاتر بخوێننەوە لەم بارەوە