خراپی دۆخی سوهەیلا محەممەدی، بەندکراوی سیاسیی لەدوای هەوڵی خۆکوشتنی

سەرەڕای خراپی و مەترسیداربوونی دۆخی تەندروستیی سوهەیلا محەممەدی، بەندکراوی سیاسیی لە بەندیخانەی ناوەندیی ئورمیە، ناوەندە حکوومییەکان ڕ

٥ ڕەشەمە ٢٧٢٢، ١١:٢٢


هەنگاو؛ هەینی ٥ی ڕەشەممەی ٢٧٢٢

سەرەڕای خراپی و مەترسیداربوونی دۆخی تەندروستیی سوهەیلا محەممەدی، بەندکراوی سیاسیی لە بەندیخانەی ناوەندیی ئورمیە، ناوەندە حکوومییەکان ڕێگری لە گواستنەوەی ناوبراو بۆ نەخۆشخانە دەکەن.

بەپێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، سوهەیلا محەممەدی، بەندکراوی سیاسیی خەڵکی سەڵماس، سەرەڕای تێپەڕبوونی چوار ڕۆژ بەسەر هەوڵی خۆکوشتنەکەی، کە بەمەبەستی ناڕەزایەتی دەربڕین ئەنجامی دابوو، هێشتا لە نەخۆشخانەی بەندیخانەی ناوەندیی ئورمیە ڕاگیراوە و لە گواستنەوەی بۆ ناوەندە دەرمانییەکانی دەرەوەی بەندیخانە بێ بەری کراوە.

بەوتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار، بارودۆخی تەندروستیی ئەم بەندکراوە سیاسییە بەهۆی بەرکەوتنی چەقۆ لە بەشی چەپی سینگی، ناجێگیرە و گیانی لە مەترسیدایە.


سوهەیلا محەممەدی، کە زیاتر لە دوو ساڵە لە بەندیخانەی ناوەندیی ئورمیە دەستبەسەرە، دوانیوەڕۆی ڕۆژی سێشەممە ٢ی ڕەشەممەی ٢٧٢٢، لەدوای وەرگرتنی وەڵامی نەرێنی بۆ داوای لێخۆشبوونەکەی لەلایەن ناوەندە حکوومەتییەکان، لە چێشتخانەی بەندی ژنان بە بەکارهێنانی چەقۆ هەوڵی خۆکوشتنی دابوو.


ئەم بەندکراوە سیاسیییە لە ماوەی دوو ساڵی ڕابردوودا لە وەرگرتنی مافی مۆڵەت چوونە دەرەوەی کاتی لە بەندیخانەش لە ژێر گوشاری بەردەوامی سوپای پاسداران بێ بەری بووە. ناوبراو لە پاییزی ٢٧٢٠ لە شاری سەڵماس لەلایەن هێزەکانی ئیتلاعاتی سوپای پاسداران دەستبەسەرکرا و دوای تێپەڕاندنی چەند مانگێک لە ژێر لێپرسینەوە بۆ بەندی ژنانی بەندیخانەی ناوەندیی ئورمیە گواستراوە.


ناوبراو لەلایەن لقی یەکی دادگای شۆڕشی ئورمیە بە تۆمەتی ئەندامیەتی لە پارتی ژیانی ئازادی کوردستان (پژاک) سزای پێنج ساڵ بەندکرانی بەسەردا سەپێندرا و لەو کاتەوە هەتا ئێستا بەبێ هەبوونی مافی مرەخەسی لە بەندی ژنانی بەندیخانەی ناوەندیی ئورمیە بەندکراوە.
 


زیاتر بخوێننەوە لەم بارەوە