هەوڵی خۆکوشتنی سوهەیلا محەممەدی، بەندکراوی سیاسیی کورد لە بەندیخانەی ئورمیە

سوهەیلا محەممەدی، بەندکراوی سیاسیی کورد و خەڵکی شاری سەڵماس کە دوو ساڵە لە بەندیخانەی حکوومەت لە شاری ئورمیە بەند کراوە، بە نیشانەی ناڕەزایەتی لەسەر ق

٢ ڕەشەمە ٢٧٢٢، ٢٢:٤٧


هەنگاو: سێشەممە، ٢ی ڕەشەمەی ٢٧٢٢

سوهەیلا محەممەدی، بەندکراوی سیاسیی کورد و خەڵکی شاری سەڵماس کە دوو ساڵە لە بەندیخانەی حکوومەت لە شاری ئورمیە بەند کراوە، بە نیشانەی ناڕەزایەتی لەسەر قەبووڵنەکردنی داوانامەی لێبوردەییی ناوبراو لە لانەی بەرپرسانی ناوەندە حکوومەتییەکانەوە، هەوڵی خۆکوشتنی داوە.

بەپێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو؛ دوانیوەڕۆی سێشەممە، ٢ی ڕەشەمەی ٢٧٢٢ (٢١ی فێبریوەری ٢٠٢٣)، سوهەیلا محەممەدی، بەندکراوی سیاسیی کورد و خەڵکی شاری سەڵماس کە زیاتر لە دوو ساڵە لە بەندیخانەی ناوەندیی حکوومەت لە شاری ئورمیە بەند کراوە، لە چێشتخانەی بەندی ژنانی ئەو بەندیخانەیە بە چەقۆ هەوڵی خۆکوشتنی داوە.


بە وتەی سەرچاوەیەکتی ئاگادار لە بەندیخانەی ئورمیە، ئەو بەندکراوە کە ماوەی زیاتر لە دوو ساڵە لەلایەن سوپای پاسدارانەوە بەردەوام لەژێر گوشاردا بووە و لە مافی مەرەخسی بێبەری و بێبەش بووە، ڕۆژی سێشەممە پاش ئەوەی کە داوانامەی ناوبراو بۆ لێبوردەیی لەلایەن بەرپرسانی ناوەندە حکوومەتییەکانەوە ڕەت کراوەتەوە، هەوڵی خۆکوشتنی داوە.


ئەو سەرچاوەیە لە درێژەی قسەکانیدا ڕایگەیاند؛ سوهەیلا محەممەدی، چەقۆی لە سینەی (نزیک لە دڵی) خۆی داوە و خوێنێکی زۆر لە لەشی ڕۆیشتووە. ناوەندە حکوومەتییەکانیش ڕێگەیان نەداوە کە ئەو بەندکراوە سیاسییە بۆ چارەسەریی برینەکەی بۆ نەخۆشخانەی دەرەوەی بەندیخانە بگواسترێتەوە و ئەمەش لە کاتێکدا بووە کە برینەکەی قووڵ بووە و دۆخی تەندروستیی ناوبراو باش نەبووە، لە دەرمانگای بەندیخانەدا چارەسەری سەرەتایی بۆی کراوە.


سوهەیلا محەممەدی، لە پاییزی ساڵی ٢٧٢٠ لە شاری سەڵماس و لەلایەن هێزەکانی ئیتلاعاتی سوپای پاسدارابەوە دەستبەسەر کراوە و پاش چەند مانگ لێکۆڵینەوە و لێپرسینەوە، بۆ بەندی ژنانی بەندیخانەی ناوەندیی حکوومەت لە شاری ئورمیە گواستراوەتەوە.


پاشان ئەو هاووڵاتییە لەلایەن لقی ١ی دادگای شۆڕشی کۆماری ئیسلامیی ئێران لە ئورمیە، بە تۆمەتی ئەندامەتیی پارتی ژیانی ئازادی کوردستان (پژاک) سزای پێنج ساڵ بەندکردنی بەسەردا سەپاوە و لەو کاتەوە تاکوو ئێستا بەبێ مافی مەرەخسی، لە بەندی ژنانی بەندیخانەی ناوەندیی حکوومەت لە شاری ئورمیەدایە.


شایانی باسە کە هەواڵی دەستبەسەرکردن و سزای سەپێندراو بەسەر ناوبراودا تاکوو ئێستا لە ڕاگەیاندنەکاندا بڵاو نەبووەتەوە و هەنگاو وەکوو یەکەمین سەرچاوە ئەو هەواڵەی بڵاو دەکاتەوە.
 


زیاتر بخوێننەوە لەم بارەوە