خۆکوشتنی سێ مێرمنداڵی ١٤ ساڵە لەپارێزگای کرماشان لە سێ ڕۆژدا

هەنگاو: لە ماوەی ڕۆژانی ڕابردوودا لە شارەکانی جوانڕۆ و کرماشان لانیکەم ٣ مێر منداڵی تەمەن ١٤ ساڵ کۆتاییان بە ژیانی خۆیان هێناوە.

٧ ڕەشەمە ٢٧١٩، ١٩:٢١

 

هەنگاو: لە ماوەی ڕۆژانی ڕابردوودا لە شارەکانی جوانڕۆ و کرماشان لانیکەم ٣ مێر منداڵی تەمەن ١٤ ساڵ کۆتاییان بە ژیانی خۆیان هێناوە.

بەپێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، ڕۆژی یەکشەممە ٤ی ڕەشەممەی ٢٧١٩ (٢٣ی فێوریەی ٢٠٢٠)، کچێکی تەمەن ١٤ ساڵی خەڵکی جوانڕۆ بە ناوی ”مەهسا وەلیزادە“ بەهۆکارێکی ناڕوون خۆی هەڵواسیوە و کۆتایی بە ژیانی خۆی هێناوە.

دوای ٤٨ کاتژمێر واتە ڕۆژی سێشەممە ٦ی ڕەشەممە، هاوپۆلییەکی مەهسا بە ناوی ”سارینا وەیس مورادی“ خۆی هەڵواسیوە و کۆتایی بە ژیانی خۆی هێناوە.

میدیا حکوومەتییەکان وەکوو ”کوردپرێس“ و ”ڕۆکنا“ ڕایانگەیاندووە کە ئەو دوو کچە مێرمنداڵە ”لەژیر کاریگەری گۆرانی گۆرانیبێژێک خۆیان کوشتووە“. هەنگاو ڕاستەوخۆ ناتوانێ ئەوە پشتڕاست بکاتەوە.

لەلایەکی دیکەوە، ڕۆژی دووشممە ٥ی ڕەشەممە، مێرمنداڵێکی تەمەن ١٤ ساڵی خەڵکی کرماشان بە ناوی ”عەلی سەفەری“ بە هۆی کێشەی خێزانییەوە خۆی هەڵواسیوە و کۆتایی بە ژیانی خۆی هێناوە.


زیاتر بخوێننەوە لەم بارەوە