بەرزبوونەوەی ئاماری خۆکوشتن لەنێو منداڵانی کوردستان بەهۆی هەژاری و کێشە کۆمەڵایەتییەکان

ڕەوتی خۆکوشتنی کەسانی ژێر تەمەن ١٨ ساڵ لە شارەکانی کوردستان گەیشتووەتە قۆناغێکی مەترسیدار و تەنیا لە ١٨ ڕۆژی کۆتاییی مانگی ڕابردوودا لانی کەم ١٣ حاڵەتی خۆکو

١٠ خەرمانان ٢٧٢٣، ١٧:١٩


هەنگاو: هەینی، ١٠ی خەرمانانی ٢٧٢٣

ڕەوتی خۆکوشتنی کەسانی ژێر تەمەن ١٨ ساڵ لە شارەکانی کوردستان گەیشتووەتە قۆناغێکی مەترسیدار و تەنیا لە ١٨ ڕۆژی کۆتاییی مانگی ڕابردوودا لانی کەم ١٣ حاڵەتی خۆکوشتن لەنێوان منداڵان و مێرمندالانی ئەو ئاستە تەمەنییەدا تۆمار کراوە.

بەپشتبەستن بە ئاماری تۆمارکراو لە ناوەندی ئامار و بەڵگەنامەکانی ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو؛ لە ماوەی ١٤ی ئاگۆست تاکوو ٣١ی ئاگوستی ٢٠٢٣ واتە ١٨ ڕۆژی کۆتایی ئەو مانگە، لانی کەم ١٣ حاڵەتی خۆکوشتنی منداڵان و مێرمنداڵانی ژێر تەمەن ١٨ ساڵ لە شارەکانی داڵاهۆ، کامێران، شنۆ، سەردەشت، دیواندەرە، ئورمیە، ڕوانسەر، بۆکان و سەلاسی باوەجانی تۆمار کراون.

بەگوێرەی ئەم ئامارە تۆمارکراوە، نێوەنجیی تەمەنی ئەو کەسانەی خۆیان کوشتووە ١٥ ساڵە و شارەکانی کامێران، شنۆ، سەردەشت و داڵاهۆ هەرکامیان بە دوو حاڵەت زۆرترین ئامارەیان تۆمار کردووە.

لەو ئامارەدا دوو کچی تەمەن ١٢ ساڵانی خەڵکی شارەکانی دیواندەرە و سەردەشت بچووکترین تەمەنی قوربانییەکانن کە بەهۆی ناکۆکیی بنەماڵەیی و تێکچوونی باری دەروونییەوە هەوڵی خۆکوشتنیان داوە و کۆتایییان بە ژیانی خۆیان هێناوە.

هەروەها لەسەر هۆکارەکانی خۆکوشتنی ئەو کەسانە، ٨ حاڵەتی ناکۆکی لەنێوان بنەماڵەکان تۆمار کراوە، کە لەنێویاندا قوربانییەکی منداڵ‌هاوسەرگیری، ٣ حاڵەتی تێکچوونی باری دەروونی هەیە و ٢ دۆسیەشیان هێشتا ناڕوونە و هەنگاو خەریکی لێکۆڵینەوە لە هۆکارەکانی ئەو دوو دۆسیەیە.

شایانی باسە کە ناسنامەی هەموو ئەو ١٣ کەسە بۆ هەنگاو ئاشکرا و پشتڕاست کراوەتەوە.
 


زیاتر بخوێننەوە لەم بارەوە