خۆکوشتنی منداڵێکی تەمەن ١٣ ساڵ لە سنە
هەنگاو: پێنجشەممە ١٠ی خەرمانانی ٢٧٢٢
منداڵێکی تەمەن ١٣ ساڵی خەڵکی سنە بە ناوی شەهداد نێعمەتی ڕۆژی چوارشەممە ٩ی خەرمانانی ٢٧٢٢ (٣١ی ئاگۆستی ٢٠٢٢) بە هۆکارێکی نادیار خۆی هەڵواسی و کۆتایی بە ژیانی خۆی هێنا.
بەگوێرەی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، تەرمی شەهداد نێعمەتی ئەمڕۆ پێنجشەممە لەلایەن پزیشکی دادی سنە ڕادەستی بنەماڵەکەی کراوە و ئەسپەردەی خاک کراوە.
هەتا کاتی ئامادە کردنی ئەم هەواڵە، هۆکاری خۆکوشتنی ئەم منداڵە تەمەن ١٣ ساڵە نەزانراوە.
جێگای ئاماژەیە کە بنەماڵەی شەهداد نێعمەتی خەڵکی گوندی تەختە و دانیشتووی گەڕەکی غەفووری شاری سنە بوون.
هەنگاو لە ڕۆژانی ڕابردوودا بە نیسبەت بەرزبوونەوەی ژمارەی خۆکوشتن لەنێو منداڵان و مێرمنداڵان لە کوردستان هۆشداری دابوو و ڕایگەیاند کە لە ماوەی ٨ مانگی ڕابردوودا ٤٠ کوڕی ژێر ١٨ ساڵ لە شارەکانی کوردستان خۆیان کوشتووە.