لە مەریوان دوو کەس لەلایەن هێزەکانی سوپا بریندار کران

٧ بانەمەڕ ٢٧٢٢، ١٤:٥٧

 

هەنگاو: چوارشەممە ٧ی بانەمەڕی ٢٧٢٢

دوو هاووڵاتیی خەڵکی مەریوان بە ناوەکانی عوسمان وەیسی ٣٣ ساڵە و کەیوان (نازناو نادیار) شەوی سێشەممە ٦ی بانەمەڕی ٢٧٢٢) ٢٦ی ئەپریلی ٢٠٢٢)، لەلایەن هێزەکانی سوپای پاسدارانەوە بریندار کران.

سەرچاوەیەکی ئاگادار لەمبارەوە بە هەنگاوی ڕاگەیاند: «دوو برا بە ناوەکانی سامان قەیتەران و جەبار قەیتەران کە ئەندامی سوپای پاسدارانن و بە پشتیوانی ئەم ناوەندە ئەمنییە لە مەریوان و دەوروبەری زۆرگیری و چەتەیی دەکەن، لە نزیک گوندی «حەسەناوڵە» بە چەکی «تاپڕ» لە مەودایەکی نزیکەوە تەقەیان لە عوسمان وەیسی کردووە و دواتر کەسێکی دیکەشیان بە ناوی «کیەوان» بە چەقۆ بریندار کردووە.

هەنگاو زانیویەتی کە کەیوان لە نەخۆشخانەیەکی مەریوان لەژێر چاودێریدایە و عوسمان ڕەوانەی نەخۆشخانەی تەوحید لە شاری سنە کراوە و نەشتەرگەری بۆ کراوە.

جێگای ئاماژەیە کە عوسمان وەیسی خەڵکی گوندی «گوڵچێر»، خێزاندار و باوکی دوو منداڵیشە.
 


زیاتر بخوێننەوە لەم بارەوە