دەستبەسەرکرانی سەید ئەیووب مووسەوی، بەندکراوی سیاسی پێشووی کورد لە شاری شنۆ

١٨ بانەمەڕ ٢٧٢٤، ٢٣:٥٧

هەنگاو؛ سێشەممە ١٨ی بانەمەڕی ٢٧٢٤

سەید ئەیووب مووسەوی تەمەن ٢٥ ساڵ، بەندکراوی سیاسیی پێشووی کورد و خەڵکی شاری شنۆ، لەلایەن هێزە ئەمنییەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێرانەوە دەستبەسەر کرا و بۆ شوێنێکی نادیار گواسترایەوە. ناوبراو پازدەیەمین هاووڵاتیی خەڵکی شنۆیە کە لە پەیوەندی لەگەڵ بەڕێوەچوونی ڕێوڕەسمەکانی تایبەت بە نەورۆز لە کوردستاندا دەستبەسەر کراوە.

بەپێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، ڕۆژی سێشەممە ١٨ی بانەمەڕی ٢٧٢٤ (٧ی مەی ٢٠٢٤)، سەید ئەیووب مووسەوی، بەندکراوی سیاسیی پێشوو و خەڵکی گوندی "میراوێ"ی سەر بە شاری شنۆ، دوای بانگکران بۆ فەرمانگەی ئیتلاعاتی سوپای شنۆ دەستبەسەر کرا و بۆ شوێنێکی نادیار گواسترایەوە.

هەنگاو ئاگادار کراوەتەوە کە، هێزەکانی ئیتلاعاتی سوپای پاسداران حەفتەی ڕابردوو و هاوکات لەگەڵ شەپۆلی دەستبەسەرکرانی هاووڵاتییانی کورد لە شاری شنۆ، هەڵیان کوتاوەتەوە سەر ماڵی ئەو هاووڵاتییە، بەڵام نەیانتوانیوە دەستبەسەری بکەن. لەو ڕووەوە کە کە ئەو ڕۆژە تاپۆی ماڵ، زەوی، ئۆتۆمبێل و باقی بەڵگە ناسنامەییەکانی ئەو هاووڵاتییە لەلایەن ئیتلاعاتی سوپاوە دەستی بەسەردا گیرابوو، ئەمڕۆ ڕۆیشتووەتە ئەو ناوەندە ئەمنییە و دەستبەجێ دەستبەسەر کراوە.

شایەنی باسە کە سەید ئەیووب مووسەوی مانگی گەلاوێژی ساڵی ٢٧١٨، لەلایەن هێزەکانی ئیتلاعاتی سوپای پاسداران دەستبەسەر کرابوو و ساڵی ٢٧١٩ لەلایەن لقی ١٠١ی دادگای تاوانەکانی شنۆ بە تۆمەتی "ئەندامبوون لە حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران" سزای ٥ ساڵ بەندکرانی بەسەردا سەپێندرابوو کە ئەو سزایە دوای ملکەچبوون بۆ بڕیاری دادوەر بۆ ٣ ساڵ و ٩ مانگ بەندکران کەم کرایەوە.

سەید ئەیووب مووسەوی لە ڕێکەوتی چوارشەممە ٤ی بەفرانباری ٢٧١٩، بەمەبەستی تێپەڕکردنی سزای بەندکرانەکەی دەستبەسەر کرا و بۆ بەندیخانەی ناوەندیی نەغەدە گواستراوە. ناوبراو لە ئاکامدا ساڵی ٢٧٢١ دوای تێپەڕکردنی دوو ساڵ لە ماوەی بەندکرانەکەی بە مەرج لە بەندیخانە ئازاد کرا.


زیاتر بخوێننەوە لەم بارەوە