پیرانشار، دەستبەسەرکرانی حوسێن مەحموودپوور بە مەبەستی جێبەجێکرانی سزای بەندکرانەکەی
هەنگاو؛ چوارشەممە ١٩ی بانەمەڕی ٢٧٢٤
حوسێن مەحموودپوور هاووڵاتیی خەڵکی پیرانشار بە مەبەستی تێپەڕاندنی سزای بەندکرانی دەستبەسەر و بۆ بەندیخانەی ناوەندیی شاری نەغەدە گواسترایەوە.
بەپێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ڕێکخراوەی مافی مرۆڤی هەنگاو، ڕۆژی سێشەممە ١٧ی بانەمەڕی ٢٧٢٤ (٧ی مەی ٢٠٢٤)، حوسێن مەحموودپوور تەمەن ٥١ ساڵ و خەڵکی گوندی گەرگوول سەر بە پیرانشار، دوای بانگکرانی بۆ لەقی جێبەجێکرانی سزاکانی دەزگای دادوەری ئەم شارە بە مەبەستی تێپەڕاندنی سزای ١٥ مانگ بەندکرانەکەی دەستبەسەر و بۆ بەندیخانەی ناوەندیی نەغەدە گواسترایەوە.
حوسێن مەحموودپوور، زستانی ساڵی ڕابردوو لەلایەن دادگای شۆڕشی مەهاباد بە تۆمەتی "ئەندامەتی و هاوکاری حیزبی دیمۆکراتی کوردستانی ئێران" سزای ١٨ مانگ بەندکرانی بە سەردا سەپا. ئەم سزایە دوایی بە بەکاربردنی ماددەی ٤٤٢ یاسای جێبەجێکردنی سزادان، بۆ ١٥ مانگ بەندکران کەم کرایەوە.
جێ ئاماژەیە کە حوسێن مەحموودپوور بەرەبەیانی ڕۆژی سێشەممە ٢٤ی گەلاوێژی ٢٧٢٣ (١٥ی ئاگۆستی ٢٠٢٣)، بە هێرشی هێزەکانی حکوومەت بۆ سەر ماڵەکەی لە گوندی گەرگوول سەر بە شاری پیرانشار بەبێ نیشاندانی هیچ جۆرە بەڵگەیکی دادوەری و بە بەکارهێنانی توندوتیژییەوە دەستبەسەر کرابوو.
ناوبراو سەرەنجام ڕۆژی دووشەممە ٢٠ی سەرماوەزی هەر ئەو ساڵە (١١ی دیسەمبەر) دوای تێپەڕاندنی ١١٨ ڕۆژ دەستبەسەری (نزیک ٤ مانگ) بە دانانی بارمتەی دوو ملیار تمەنی و بە شێوەی کاتی لە بەندیخانەی ناوەندی نەغەدە ئازاد کرا.
حوسێن مەحموودپوور دوای دەستبەسەرکرانی ١٠ ڕۆژ لە گرتووخانەی ئیدارەی ئیتلاعاتی پیرانشار و ٢٥ ڕۆژیش لە گرتووخانەی ئیتلاعاتی ئورمیە لەژێر لێپرسینەوە و ئەشکەنجەدا بوو و دوایی بۆ بەندیخانەی ناوەندی نەغەدە گواسترابوو و لە کاتی دەستبەسەرکرانی لە مافی هەبوونی پارێزەر بێبەش بوو.