هاووڵاتییەکی کورد لە بەندیخانەی سنە لەسێدارە درا

هەنگاو: حوکمی سێدارەی هاووڵاتییەکی خەڵکی کرماشان کە بە تۆمەتی کوشتنی ئەنقەست ئەو حوکمەی بەسەردا

٣٠ ڕەزبەر ٢٧٢٠، ١٣:٢١

 

هەنگاو: حوکمی سێدارەی هاووڵاتییەکی خەڵکی کرماشان کە بە تۆمەتی کوشتنی ئەنقەست ئەو حوکمەی بەسەردا سەپابوو، لە بەندیخانەی ناوەندیی شاری سنە جێبەجێ کرا.

بەپێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، بەرەبەیانی چوارشەممە ٣٠ی ڕەزبەری ٢٧٢٠ (٢١ی ئۆکتۆبری ٢٠٢٠)، حوکمی سێدارەی بەندکراوێکی خەڵکی کرماشان بە ناوی ”شارام تەخشا“ تەمەن ٣٠ ساڵ لە بەندیخانەی ناوەندیی شاری سنە جێبەجێ کرا.

ئەو بەندکراوە کە بە تۆمەتی کوشتنی ئەنقەست حوکمی سێدارەی بە سەردا سەپابوو، ڕۆژی یەکشەممە ڕەوانەی ژوووری تاکەکەسیی بەندیخانەی سنە کرابوو.


شارام تەخشا لەگەڵ براکەی بە ناوی شاریار تەخشا سێ ساڵ پێش بە تۆمەتی کوشتنی کەسێک لە کاتی دزیی چەکدارانە لەلایەن هێزە ئەمنییەکانەوە دەستبەسەر کرا. ناوبراو دواتر لەلایەن دەزگای دادوەریی کۆماری ئیسلامی ئێرانەوە حوکمی سێدارە و ١٥ ساڵ بەندکرانی بە سەردا سەپا و شاریاری براشی حوکمی ٤٠ ساڵ بەندکرانی بەسەردا سەپا و ئێستا لە بەندیخانەی دێزڵئاوای کرماشان ڕاگیراوە.

ناوبراو ڕۆژی یەکشەممە ١٧ی بەفرانباری ٢٧١٨ (٧ی ژانویەی ٢٠١٨) بۆ بەندیخانەی شاری سنە گوازراوەتەوە.

جێگای ئاماژەیە کە ئەو بەندکراوە لە کاتی دەستبەسەر کرانی بە تەقەی هێزە چەکدارەکانی ئێران بریندار بووە و لە ماوەی سێ ساڵی ڕابردوودا لە خزمەتگوزاری دەرمانی بێبەش بووە.

هەواڵی لەسێدارەدانی شارام تەخشا هەتا ئێستا لە میدیا حکوومەتی و سەرچاوەفەرمییەکانی حکوومەتەوە بڵاو نەکراوەتەوە.


زیاتر بخوێننەوە لەم بارەوە