سنە/ بەندکراوێکی کورد مەترسیی سێدارەی لەسەرە

هەنگاو: هاووڵاتییەکی مەحکووم بە سێدارەی خەڵکی کرماشان، بە مەبەستی جێبەجێ کرانی حوکمەکەی بۆ ژووری تاکەکەسیی بەندیخانەی ناوەندیی سنە گوازراوەتەوە.

٢٨ ڕەزبەر ٢٧٢٠، ١٣:١٤

 

هەنگاو: هاووڵاتییەکی مەحکووم بە سێدارەی خەڵکی کرماشان، بە مەبەستی جێبەجێ کرانی حوکمەکەی بۆ ژووری تاکەکەسیی بەندیخانەی ناوەندیی سنە گوازراوەتەوە.

بەپێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، ڕۆژی یەکشەممە ٢٧ی ڕەزبەری ٢٧٢٠( ١٨ی ئۆکتۆبری ٢٠٢٠)، بەندکراوێکی مەحکووم بە سێدارە بە ناوی ”شارام تەخشا“ تەمەن ٣٠ ساڵ و خەڵکی کرماشان بە مەبەستی جێبەجێ کرانی حوکمی سێدارە، ڕەوانەی ژووری تاکەکەسیی بەندیخانەی ناوەندیی سنە کراوە.

سەرچاوەکانی هەنگاو لە ناو بەندیخانەی سنە ڕایانگەیاندووە کە بڕیارە ڕۆژی چوارشەممە ٣٠ی ڕەزبەر حوکمی سێدارەی ناوبراو جێبەجێ بکرێت.

شارام تەخشا لەگەڵ براکەی بە ناوی شاریار تەخشا سێ ساڵ پێش بە تۆمەتی کوشتنی کەسێک لە کاتی دزیی چەکدارانە لەلایەن هێزە ئەمنییەکانەوە دەستبەسەر کرا. ناوبراو دواتر لەلایەن دەزگای دادوەریی کۆماری ئیسلامی ئێرانەوە حوکمی سێدارە و ١٥ ساڵ بەندکرانی بە سەردا سەپا و شاریاری براشی حوکمی ٤٠ ساڵ بەندکرانی بەسەردا سەپا و ئێستا لە بەندیخانەی دێزڵئاوای کرماشان ڕاگیراوە.

شارام تەخشا ڕۆژی یەکشەممە ١٧ی بەفرانباری ٢٧١٨ (٧ی ژانویەی ٢٠١٨) بۆ بەندیخانەی شاری سنە گوازراوەتەوە.

جێگای ئاماژەیە کە ئەو بەندکراوە لە کاتی دەستبەسەر کرانی بە تەقەی هێزە چەکدارەکانی ئێران بریندار بووە و لە ماوەی سێ ساڵی ڕابردوودا لە خزمەتگوزاری دەرمانی بێبەش بووە.


زیاتر بخوێننەوە لەم بارەوە