ژنە پارێزەرێکی کورد حوکمی ١٨ ساڵ بەندکرانی بە سەردا سەپا

هەنگاو: ژنە پارێزەرێکی کورد کە هاوکات یەکێک لە چالاکانی مەدەنی کرماشانە و کۆتایی بەهاری ساڵی ڕابردوو دەستبەسەر کرابوو، لەلایەن دەزگای دادوەریی

١ خاکەلێوە ٢٧٢٠، ٠٢:٠٦


هەنگاو: ژنە پارێزەرێکی کورد کە هاوکات یەکێک لە چالاکانی مەدەنی کرماشانە و کۆتایی بەهاری ساڵی ڕابردوو دەستبەسەر کرابوو، لەلایەن دەزگای دادوەریی حکوومەتی ئێرانەوە حوکمی بەندکرانی بەسەردا سەپێندرا.


بەپێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، ڕۆژی چوارشەممە ٢٨ی ڕەشەممەی ٢٧١٩ (١٨ی مارسی ٢٠٢٠)، سوهەیلا حیجاب، پارێزەر و چالاکی مەدەنی خەڵکی کرماشان لەلایەن لقی ٢٨ی دادگای شۆڕشی تاران بە سەرۆکایەتی دادوەر مەقیسە حوکمی ١٨ ساڵ بەندکرانی بە سەردا سەپا.


ئەو چالاکە مەدەنیە بە چەندین تۆمەت وەکوو ”پڕووپاگەندە دژی نیزام“، ”گردبوونەوەی نایاسایی“، ”تێکدانی بیروڕای گشتی بە مەبەستی ئاژاوە نانەوە“، ”دروستکردنی گرووپ بۆ داکۆکی لە مافی ژنان“ و ”داوای بەڕێوەچوونی ڕیفراندۆم و گۆڕینی یاسای بنەڕەتیی ئیران“ سەرجەم حوکمی ١٨ ساڵ بەندکرانی بە سەردا سەپێندراوە.


بە پێی یاسای کۆکردنەوەی حوکمەکان، زیاترین حوکمی سوهەیلا حیجاب کە پێنج ساڵ بەندکرانە و ئەو حوکمە جێبەجێ دەکرێت کە بە تۆمەتی گردبوونەوەی نایاسایی بە سەر ناوبراودا سەپێندراوە.


سوهەیلا حیجاب ڕۆژی پێنج شەممە ١٦ی جۆزەفدانی ٢٧١٩ (٦ی ژوئیەی ٢٠١٩) لەلایەن هێزەکانی ئیتلاعاتی سپای پاسداران دەستبەسەر و دوای ٨ مانگ بەندکران ڕێکەوتی ٢٤ی ڕەشەممە (١٤ی مارسی ٢٠٢٠) بە دانانی بارمتەی سێ مییلیارد تمەنی بە شێوەی کاتی ئازاد کرا.

ئەو پارێزەرە کە ٣٠ ساڵانە، مانگی بەفرانباری دوو ساڵ پێش (١٣٩٧ی هەتاو) دەستبەسەر و دواتر لەلەن دادگای شۆڕشی شیراز حوکمی ٢ ساڵ بەندکرانی بەسەردا سەپابوو و دوای تێپەڕاندنی پێنج مانگ بە مەرج لەبەندیخانە ئازاد کرا. ناوبراو ١٠ ڕۆژ دوای ئازاد بوونی بۆ جاری دووهەم دەستبەسەر کرایەوە.
 


زیاتر بخوێننەوە لەم بارەوە