پیرانشار؛ دەستبەسەرکرانی دوو هاووڵاتیی کورد بەهۆی بەشداری لە ڕێوڕەسمەکانی تایبەت بە نەورۆزی کوردستان

١٩ بانەمەڕ ٢٧٢٤، ٢١:١٠

هەنگاو؛ چوارشەممە ١٩ی بانەمەڕی ٢٧٢٤

دوو چالاکی ژینگەپارێزی کورد و خەڵکی پیرانشار بە ناوەکانی حاجی بەرزە و ئەیووب ڕەسووڵزادە لەلایەن هێزە ئەمنییەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێرانەوە دەستبەسەر کران و بۆ شوێنێکی نادیار گواسترانەوە.

بەپێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، ڕۆژی چوارشەممە ١٩ی بانەمەڕی ٢٧٢٤ (٨ی مەی ٢٠٢٤)، دوو چالاکی ژینگەپارێز بە ناوەکانی حاجی بەرزە خەڵکی گوندی "چیانە" سەر بە شاری پیرانشار و ئەیووب ڕەسووڵزادە خەڵکی گوندی "زەنگیاوێ" ، لەلایەن هێزەکانی ئیتلاعاتی سوپای پاسداران و بەبێ نیشاندانی بەڵگەی دادوەری دەستبەسەر کراون و بۆ شوێنێکی نادیار گواستراونەتەوە.

بەوتەی سەرچاوە ئاگادارەکان، دەستبەسەرکرانی ئەو دوو هاووڵاتییە لە پەیوەندی لەگەڵ بەشداریکردن لە ڕێوڕەسمەکانی نەورۆزی کوردستاندا بووە و تا ئێستا بەدواداچوونەکانی بنەماڵەکانیان بەمەبەستی ئاگاداربوونەوە لە چارەنووسیان بێ ئاکام ماوەتەوە.

هەتا کاتی داڕشتنی ئەم هەواڵە، لە شوێنی ڕاگرتن و چارەنووسی ئەو دوو هاووڵاتییە زانیارییەکی ورد لەبەر دەستدا نییە.


زیاتر بخوێننەوە لەم بارەوە